خلێفی باشترین یاریزانی تیپەکەی دەستنیشاندەکات


رووداو دیجیتاڵ

ناسڕ خلێفی رەتیکردەوە تەنیا یەک یاریزان بەئەستێرەی تیپەکەی دەستیشان بکات، گوتی ئەستێرەی یەکەم لە پاریس سانجێرمان، تیپەکە هەموویەتی.
 
خلێفی خەڵاتی باشترین سەرۆک یانەی ساڵی 2025ی وەرگرت کە رۆژنامەی توتو سپۆرتی ئیتاڵی لە رێوڕەسمێکدا دابەشیکرد.
 
پاریس سانجێرمان وەرزی رابردوو بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا.
 
سەرۆکی یانە فەرەنسییەکە لە وتەی دوای وەرگرتنی خەڵاتەکەدا گوتی، "زۆر شانازین بەو شێوازی کارکردنەی لە یانەکە پەیڕەوی دەکەین، هەروەها ئەو رێگەیەی بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنەکان، گرتوومانەتە بەر".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "داهاتووی پی ئیس جی لێرەوە دروست دەبێت، هەر لێرەش دەمێنێتەوە لە پاریس، ئەوەش لەپێناو هاندەرانی یانەکەمان".
 
سەرۆکی یانە فەرەنسییەکە دەڵێ، "ئەستێرەی یەکەم لە پاریس سانجێرمان تیپەکەیە، لەناو یاریگە بێت یان دەرەوە، تەنیا تیپەکە ئەستێرەی یەکەمە".
 
خلێفی لە 2011ەوە سەرۆکایەتی یانەی پاریس سانجێرمان دەکات و پارەی زۆری لە بردنی ئەستێرەکان بۆ ریزەکانی یانەکەی خەرجکردووە.
 
یانەی پاریس سانجێرمان، یەکێکە لە وەبەرهێنانەکانی قەتەر لە فەرەنسا و سەر بە سندووقی وەبەرهێنانی قەتەرییە.
 
بەهۆی دەستکەوتەکانی وەرزی رابردووی یانەکەوە، عوسمان دێمبێلێی هێرشبەری یانەکە، خەڵاتی باڵۆندۆری بەدەستهێنا و ئەشرەف حەکیمی، بەرگریکەری لاباڵی یانەکە، بەباشترین یاریزانی کیشوەری ئەفریقا دەستنیشانکرا.