پێنەدانی موڵەت دوو خانمی کوردی لە پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا بێبەشکرد
رووداو هەولێر
تیپی بالەی خانمانی یانەی سەنحاریب بەشداری پاڵەوانێتیی بالەی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا لە کوێت دەکات، بەڵام دوو یاریزانی سەرەکی تیپەکە بەهۆی ئەوەی لە قوتابخانە مۆڵەتیان پێنەدرا، بێبەشبوون لە بەشداریکردن لەو پاڵەوانێتییە.
یانەی سەنحاریب پاڵەوانی وەرزی ئەمساڵی خولی بالەی کچانی عێراق، وەک یەکەم یانەی عێراق بەشداری پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا دەکات، تیپەکە دوێنی گەشتی وڵاتی کوێتی کرد و لە ئامادەباشیدایە بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش.
یارییەکانی پاڵەوانێیتییەکە ئەمڕۆ دەستپێدەکات و چواردە رۆژ دەخایەنێت، نوێنەرەکەی کوردستان و عێراق لە پاڵەوانێتیی خانمانی رۆژئاوای ئاسیا لە قۆناخی کۆمەڵەکان ململانێیی یانەکانی نەسڕی ئوردنی، فەیحای سعودی و قودسی فەڵەستینی دەکات.
هەکار برقی زێباری، راهێنەری بالەی خانمانی یانەی سەنحاریب، بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "دۆخی یانەکەمان زۆر باشە و ئامادەکارییەکی زۆر باشمان کردووە، یانەکەمان بۆ هەموو خول و پاڵەوانێتییەک دەیەوێت دەسکەوتی هەبێت".
دەشنێ قاسم لەگەڵ پریڤە رزگار، دوو خانمە یاریزانی ئاستبەرزی تیپەکەن، کە رۆڵێکی گەورەیان لە بردنەوەی نازناوی عێراق هەبوو، بەردەوام لە پێکهاتەی سەرەکی تیپەکەن. دەشنێ مامۆستایە لە قوتابخانەیەکی شارۆچکەی کۆیە و پریڤە قوتابی ئامادەییە لە سلێمانی، داوای مۆڵەتیان کردووە، بەڵام داواکارییەکەیان رەتکراوەتەوە.
راهێنەری یانەی سەنحاریب نیگەرانە لە دابڕانی دوو یاریزانی سەرەکییان "بەداخەوە کە ئەو دوو یاریزانە سەرەکییەمان نەیانتوانی لەگەڵمان گەشت بکەن، لە قوتابخانە مۆڵەتیان پێنەدرا، بێگومان دوو خاڵی بەهێز بوون کاریگەرییان دەبێت لەسەر تیپەکەمان".
بەر لە رۆشتنیان بۆ کێبرکێکە یاریزانانی یانەی سەنحاریب مانگێک بوو لەنێو ئامادەکارییەکی چڕدابوون. گرێبەستکردن لەگەڵ سێ یاریزانی ئێرانی لایەنێکی دیکەی بەهێزی تیپەکەیە بۆ پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا.
سپیدە بورهانی، خانمە یاریزانی ئێرانی یانەی سەنحاریب لەبارەی بەشدارییان لە پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا گەشبینە و روونیکردەوە "رۆژانە ئامادەکارییەکی پێشینەی باشمان کردبوو، هەوڵدەدەین خۆمان بەشێوەیەکی باش لە یاریکردن لەگەڵ یەکدی بگونجێنین و دەمانەوێت نازناوی پاڵەوانێتییەکە ببەینەوە".
یانەی سەنحاریب رۆژی پێنجشەممە لە یەکەم یاریی پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا رووبەڕووی یانەی فەیحای سعودی دەبێتەوە.