"هاندەران هۆکاری سەرکەوتنەکانمانن و دەمانەوێت شانازی بە هەڵبژاردەکەیانەوە بکەن"

 
رووداو دیجیتاڵ

گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت "پاڵەوانێتی جامی عەرەب هەلێکی زۆرباشە بۆ سەیرکردنی یاریزانی دیکە و ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی خزمەتی عێراق بکەین."
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یەکەم یارییان لە پاڵەوانێتییەکەدا بەرامبەر هەڵبژاردەی بەحرەین، گراهام ئارنۆڵد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا قسەیکرد و گوتی "زۆر خۆشحاڵم لە قەتەرم، بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکانی جامی عەرەب، ئەم پاڵەوانێتییە هەلێکی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی چاودێریی یاریزانی دیکە بکەین."
 
راهێنەری عێراق زیاتر گوتی "ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی خزمەتی عێراق بکەین، بەشێکی یاریزانەکان لە پاڵاوتنەکاندا لەگەڵمان بوون و یارییان نەکردووە، ئەم پاڵەوانێتییە هەلێکە بۆ ئەوەی تواناکانیان دەربخەن."
 
گراهام ئارنۆڵد لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "من بەرپرسیارەتی هەموو شتێک هەڵدەگرم، ئێمە کاردەکەین بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانمان، بەڵام شێوازی یارییکردن و متمانەی یاریزانەکانیش گرنگە، ئامانجی ئێمە بردنەوەیە و دڵخۆشم کە هاندەرانمان لەگەڵە، ئەمە هەلێکی زۆر گرنگە بۆ یاریزانە نێوخۆییەکان بۆ ئەوەی تواناکانیان بسەلمێنن."
 
ئارنۆڵد باس لە یارییەکەی بەرامبەر بەحرەین دەکات و دەڵێت "چەند یارییەکم بەرامبەر هەڵبژاردەکانی کەنداو کردووە، زۆر بەپەرۆشم زۆر بۆ بینینی ئاستی یاریزانەکان، هەروەها ئێمە ژمارەیەکی زۆر یاریزانی نێوخۆییمان لە دەرەوەی یاریگە هەیە."
 
راهێنەری عێراق زیاتر دەڵێت "هاندەرانمان لە بەسرە هۆکاری بردنەوەمان بوو بەرامبەر ئیمارات، ژمارەیەکی زۆر هاندەریشمان لە قەتەر لەگەڵە، کاردەکەین لەپێناو ئەوەی شانازی بە هەڵبژاردەکەیانەوە بکەین."
 
گراهام بە رۆژنامەڤانانی گوت "یارییەکەمان بەرامبەر بەحرەین زەحمەت دەبێت، بەڵام متمانەی تەواوم بە توانای یاریزانەکانمان هەیە بۆ ئەوەی ئاستێکی بەرز پێشکێشبکەن و یارییەکە ببەینەوە."
 
یارییەکانی جامی عەرەب بەبەشداریی 16 هەڵبژاردە، لە 1-12-2025 تاوەکو 18-12-2025 بەردەوامدەبێت، رۆژی چوارشەممە عێراق لە یەکەم یاریی خۆیدا بەرامبەر بەحرەین یاری دەکات، لە ریزەکانی هەڵبژاردەکەدا شێرکۆ کەریم، ئاکام هاشم و مارکۆ فەرەج سێ یاریزانی کوردن کە لە ریزەکانی هەڵبژاردەکەدا یاری دەکەن.