لیستی رەشی هانزی فلیک ئاشکرابوو

رووداو دیجیتاڵ

هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانی، بارسێلۆنا تووشی شۆک دەکات و  لە سوپرایزێکی نوێدا لیستێکی رەشی یاریزانانی پێشکێشی کارگێڕیی یانەکەی دەکات و داوای بەڕێکردنیان دەکات.
 
لە هەنگاوێکی سەرنجراکێشدا، هانز دیتەر فلیک لیستێکی رەشی ئامادە کردووە کە پێنج یاریزانی بارسێلۆنا لەخۆدەگرێت، بەو پێیەی ئەو یاریزانانە ناتوانن جیاوازی دروست بکەن لەنێو یاریگەدا، چ  سەرەکی یاری بکەن یان بەیەدەگ. راهێنەرە ئەڵمانییەکە پێشنیازی بۆ کارگێڕیی بارسێلۆنا، بەسەرۆکایەتی خوان لاپۆرتا و دیکۆ کردووە، کە پێویستە چاو بەو دەستەوارانەدا بگێڕنەوە کە بۆ ئەم یاریزانانە دێن لە بازاری گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا، بەئامانجی کەمکردنەوەی خەرجی مووچەکان و کردنەوەی دەرگا بۆ بەهێزکردنی تیپەکە بە گرێبەستی نوێ. ئەو 5 یاریزانە ئەمانەن:
 
1 - ئەندریاس کریستێنسن: رۆیشتنی مسۆگەرە لە هاوین یان زستان؟
 
لە پێشەنگی ئەم لیستەدا ئەندریاس کریستێنسنی بەرگریکاری دانیمارکی دێت، کە وەرزی رابردوو لەگەڵ چاڤی هێرناندێز یاریزانێکی سەرەکی بوو. بەڵام بە گەیشتنی فلیک بۆ بارسێلۆنا، کریستێنسن چیدی بەشێکی سەرەکی نییە لە پلانەکانی راهێنەر. کێشەی پێکان و دابەزینی ئاستەکەی وای لە راهێنەرە ئەڵمانییەکە کردووە بڕیار بدات گرێبەستی یاریزانەکە نوێ نەکرێتەوە، کە لە حوزەیرانی داهاتوو کۆتایی دێت. 
 
بەپێی سەرچاوەکان، فلیک لاری نییە لە رۆیشتنی تەنانەت لە مانگی یەکیشدا (کانوونی دووەم) ئەگەر دەستەوارەیەکی گونجاو بگات.
 
2 - رۆناڵد ئاراوخۆ: فلیک متمانەی بە بەرگریکارە ئۆرۆگواییەکە لەدەستداوە
 
یەکێک لە دیارترین ئەو یاریزانانەی کە بووەتە مایەی بێهیوایی بۆ فلیک، رۆناڵد ئاراوخۆیە. سەرەڕای مێژووی لەگەڵ بارسێلۆنا و ئاستە باشەکەی لە هەندێک کاتدا، بەڵام راهێنەرە ئەڵمانییەکە متمانەی بە یاریزانە ئۆرۆگواییەکە لەدەستداوە. فلیک دەرفەتی زۆری بە ئاراوخۆ دا دوای گرێبەستکردن لەگەڵ ئینێگۆ مارتینێز، بەڵام نەیتوانی ئاستی پێویست پێشکێش بکات، ئەمەش وایلێکرد بیر لە ئەگەری رۆیشتنی بکاتەوە ئەگەر دەستەوارەیەکی باش بگات. 
 
هەڵە دووبارەکان و دابەزینی ئاستی ئاراوخۆ  وایکردووە ببێتە یەکێک لەو ناوانەی کە دەکرێت لە هەر کاتێکدا بارسێلۆنا دەستبەرداری بێت.
 
3 - مارک بێرناڵ: پێکان بووە هۆی دابەزینی ئاستی
 
لە هێڵی ناوەڕاستدا، مارک بێرناڵ بەیەکێک لەو یاریزانانە دادەنرێت کە بەدەست دابەزینێکی بەرچاو لە ئاستیدا دەناڵێنێت، ئەوەش دوای پێکانێکی سەخت لە ئەژنۆیدا. 
 
بێرناڵ یەکێک بوو لە یەکەم ئەو یاریزانانەی لەژێر سەرپەرشتی فلیک هاتنە پێشەوە، بەڵام نەیتوانی بەشێوەیەکی بەردەوام خۆی لە پێکهاتەی سەرەکیدا بسەلمێنێت. یاریزانەکە ئەم وەرزە دەرفەتی گەورەی بۆ نەڕەخساوە، و بەهۆی دووبارەبوونەوەی پێکانەکانی، لەبەرئەوە فلیک پێیوایە باشترە بەخواستن بدرێتە یانەیەکی دیکە، بۆ ئەوەی ئەزموونی زیاتر وەربگرێت و ئاستە هونەرییەکەی بەدەست بهێنێتەوە.
 
4 - روونی بارداخچی: بەهرەیەکی هیوابەخش، بەڵام پێویستی بە پەرەپێدانە
 
 روونی بارداخچی یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی کە فلیک ئێستا لە پلانەکانی تیپەکەیدا دووری خستووەتەوە. سەرەڕای ئەوەی لە هەندێک یارییدا کەمێک لە بەهرەکەی دەرخستووە، بەڵام یاریزانەکە ئەزموونی پێویستی نییە بۆ رکابەریکردنی یاریزانە گەورەکانی تیپەکە. فلیک پێیوایە ناردنی بەخواستن بۆ تیپێکی دیکە باشترین هەنگاو دەبێت بۆ پەرەپێدانی تواناکانی و ئامادەکردنی بۆ داهاتوویەکی گەورەتر لە بارسێلۆنا.
 
5 - مارک ئاندرێ تیرشتیگن: پەیوەندییە گرژەکان رۆیشتنی خێراتر بکەن
 
مارک ئەندرێ تیرشتیگن، گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە کە بە یەکێک لە دیارترین یاریزانانی تیپەکە دادەنرێت لە وەرزەکانی رابردوودا، لەوانەیە ئەویش لە دەرەوەی پلانەکانی داهاتووی فلیک بێت. 
 
تیرشتیگن یەکێکە لەوانەی بەرزترین مووچە لە تیپەکە وەردەگرێت، و پەیوەندی لەگەڵ دەستەی کارگێڕی و دەستەی هونەری و هاورێکانی زۆر گرژە، ئەمەش داهاتووی لەگەڵ بارسێلۆنا خستووەتە مەترسییەوە. فلیک پێیوایە گۆڵپارێزەکە لەوانەیە بەشێک نەبێت لە پرۆژەی داهاتوو، ئەمەش دەرگا دەکاتەوە لەبەردەم ئەگەری رۆیشتنی لە بازاڕی گواستنەوەی داهاتوودا.
 
بارسێلۆنا لەبەردەم قۆناخێکی یەکلاکەرەوەدایە: گۆڕانکارییە مسۆگەرەکان لە زستاندا!
 
ئەگەر راپۆرتەکان راست بن، ئەوا بارسێلۆنا لە ماوەی داهاتوودا گۆڕانکاری گەورە بەخۆیەوە دەبینێت، بە تیشک خستنە سەر ئەو یاریزانانەی کە لەوانەیە لە رێگای رۆیشتندا بن. 
 
بۆ کارگێڕیی لاپۆرتا و فلیک، ئەمە هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە دەبێت لە بنیادنانەوەی تیپەکە و ئاراستەکردنی بەرەو ئاڵنگارییەکانی داهاتوو، بەتایبەتی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا.