ئێنریکی چەند مەرجێکی بۆ بارسێلۆنا هەیە

رووداو دیجیتاڵ

 

گرێبەستکردن لەگەڵ دووانەیەکی ئاگرین و دەرکردنی سێ یاریزان، مەرجی لویس ئێنریکی، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانە بۆ گەڕانەوە بۆ کامپ نو و وەرگرتنەوەی پۆستی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا.
 
دەنگۆکان دەربارەی داهاتووی هانزی فلیک وەک راهێنەری بارسێلۆنا زیاد دەکەن، و پێدەچێت وەرزی ئێستا دواوەرزی بێت لە کامپ نو، هەرچەندە پۆستەکەی هێشتا لە مەترسیدا نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆر  لە راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خوان لاپۆرتا و کارگێڕیی یانەکە بەدوای جێگرەوەیەکدا دەگەڕێن.
 
ئایا ئەمە کۆتایی فلیک دەبێت لە بارسا؟
 
هاوکات لەگەڵ ئاستی هەڵبەز و دابەزی تیپەکە لە هەندێک یارییدا، ئەو دیمەنەی فلیک و رافینیای کۆکردەوە دوای یاریی ئالاڤێس، بووە جێگای سەرنجی میدیا و هاندەران بوو. لەو ساتانەدا راهێنەرە ئەڵمانییەکە بەخەمبارى قسەی لەگەڵ یاریزانە بەرازیلییەکە دەکرد، ئەمەش پرسیاری زۆری دروستکرد دەربارەی دۆخی سەقامگیریی دەروونی و تاکتیکی لە ژووری جلگۆڕیندا. ئەو دیمەنە لەوانەیە نیشانەیەک بێت کە فلیک بڕیاری رۆیشتن بدات یان ناچاربکرێت یانەکە جێبهێڵێت لە کۆتایی وەرزدا.
 
ئەگەر ئەم پێشبینیانە راست بن، جا بەهۆی خواستی فلیک بۆ رۆیشتن بێت یان بڕیاری کارگێڕیی بۆ گۆڕانکاری، وادیارە لویس ئێنریکی بژاردەی یەکەم دەبێت بۆ جێگرتنەوەی. 
 
راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا، کە لەگەڵ تیپەکە سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا لە ماوەی یەکەمیدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خۆی وەک بەربژێرێکی بەهێز پیشان بدات بۆ گەڕانەوە بۆ کامپ نو.
 
لویس ئێنریکی.. بژاردەی نموونەیی بۆ شوێنگرتنەوەی فلیک
 
لویس ئێنریکی، کە ئێستا راهێنەرایەتی پاریس سانجێرمان دەکات، هێشتا یەکێکە لە ناوە خوازراوەکان لە بارسێلۆنا، تەنانەت دوای جێهێشتنی تیپەکە لە کۆتایی وەرزی 2017 بوو. 
 
وادیارە گەڕانەوەی بۆ یانە کەتەلۆنییەکە تەنیا مەسەلەی کاتە، بەتایبەتی لەگەڵ زیادبوونی گوشارەکان لەسەر فلیک لەسایەی ئاستی مامناوەندی تیپەکە لەم وەرزەدا. سەرەڕای بوونی لە یانەی پاریس، بەڵام باوەڕێکی چەسپاو لە فەرەنسا هەیە کە پەیوەندییەک لە بارسێلۆنا لەوانەیە بەس بێت بۆ رازیکردنی راهێنەرە ئیسپانییەکە بۆ گەڕانەوە بۆ یانەی یەکەمی.
 
داواکارییەکانی ئێنریکی: داڕشتنەوەی گشتگیری تیپەکە
 
لە ئەگەری  روودانی ئەم گەڕانەوە چاوەڕوانکراوە، وادیارە لویس ئێنریکی تەنیا بەگەڕانەوە بۆ راهێنانی تیپەکە ناوەستێت، بەڵکو داوای گۆڕانکاری ریشەیی لە پێکهاتەکە دەکات. 
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، ئێنریکی  لەڕێگەی نوێنەرەکانییەوە بۆ خوان لاپۆرتا و بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە روونیکردووەتەوە،کە بەمەرج نەبێت ناگەڕێتەوە بارسێلۆنا و داوایکردووە گۆڕانکاری گشتگیر لە تیپەکەدا بکرێت. لە دیارترین داواکارییەکانی راهێنەرەکە، داوای گرێبەستکردن لەگەڵ هێرشبەری ئاتلێتیکۆ مەدرید جولیان ئەلڤارێزی کردووە و بەرگریکاری ئینگلیزی مارک گوێهی دەکات، جگە لە رۆیشتنی هەندێک یاریزان کە لەگەڵ دیدگای ئەودا ناگونجێن.
 
گۆڕانکارییەکان لە پێکهاتە.. رۆیشتنی هەندێک یاریزان
 
لە پاڵ گرێبەستە نوێیەکانیدا، راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێنریکی داوای رۆیشتنی ژمارەیەک یاریزانی کردووە کە بە بەشێک لە پلانەکانی تیپەکەیان نازانێت لە داهاتوودا. لەسەرووی ئەم یاریزانانە  جوێل کێندی دێت (کە پرسیاری زۆری لەسەر دروست بووە لەم ماوەیەی دواییدا)، جگە لە رۆناڵد ئاراوخۆ و مارک کاسادۆ. ئەم داواکارییانە وادیارە لەگەڵ دیدگای ئێنریکی دەگونجێن بۆ بنیادنانی تیپێکیرکابەر کە توانای ململانێی هەبێت لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا.
 
پاریس سانجێرمان لە دۆخێکی سەختدایە
 
سەرەڕای ئەوەی ناسر ئخلێفی، سەرۆکی پاریس سانجێرمان، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پارێزگاریکردن لە لویس ئێنریکی لە فەرەنسا، بەڵام گوشاری بارسا لەوانەیە گەورەتر بێت لەوەی پێشبینی دەکات. باوەڕ وایە راهێنەرە ئیسپانییەکە  بیر لە گەڕانەوە بۆ بارسا بکاتەوە ئەگەر مەرجەکانی جێبەجێ بکرێن، بەتایبەتی دوای ئەوەی دەرکەوت کە یانە فەرەنسییەکە شوێنی نموونەیی نەبێت بۆ ئەو لە ماوەی داهاتوودا، سەرەڕای ئەو تایبەتمەندییانەی پاریس سانجێرمان پێشکێشی دەکات وەک یەکێک لە باشترین یانەکانی ئەورووپا.
 
وەرزی داهاتوو.. ئاڵنگارییەکی یەکلاکەرەوە لە بارسێلۆنا
 
داهاتووی فلیک لە بارسا، هەروەها داهاتووی لویس ئێنریکی لە پاریس، لەوانەیە بەشێوەیەکی گەورە لە هەفتەکانی داهاتوودا یەکلاببێتەوە. لەگەڵ بەردەوامی هەڵبەز و دابەزی ئەنجامەکانی تیپە کەتەلۆنییەکە، گۆڕانکاری لە کورسی یەدەگ لەوانەیە رووبدات، بەڵام لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئێنریکی راهێنەری داهاتوو بێت، ئەوا پڕۆژەی سپۆتیفای لە کامپ نو پێویستی بە داڕشتنەوەیەکی گەورە دەبێت، کە لەوانەیە بارسێلۆنا بگەڕێنێتەوە بۆ شوێنە راستەکەی خۆی لەسەر گۆڕەپانی ئەورووپا.