ریال مەدرید ئیسکۆ لەکۆڵ خۆی دەکاتەوە
رووداو-دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید لە هەوڵی لەکۆڵکردنەوەی ئیسکۆدایە، دەیەوێت لە مێرکاتۆی زستانە ئەو یاریزانە ئیسپانییە بە تۆتێنهام بفرۆشێت.
وادەی گرێبەستەکەی ئیسکۆ لە هاوینی 2022 لەگەڵ ریال مەدرید بەسەردەچێت، بەڵام یانە مەدریدییەکە نایەوێت، گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە و ئاماجییەتی پێش کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەکەی سوودی ماددی لە رۆیشتنی وەربگرێت، چونکە ئەگەر بێت ئیکۆ تاوەکو هاوینی داهاتوو پەیوەندی بە هیچ یانەیەکەوە نەکات، دەتوانێ بێبەرامبەر چ یانەیەکی بوێت گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکات.
رۆژنامەیەکی بەریتانی ئاماژەوە بەوەکردووە: "لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن تۆتێنهامەوە دەستەوارەیەک پێشکێشی ریال مەدرید کراوە، بەمەبەستی بەدەستهێنانی تواناکانی ئیسکۆ، ریال لاریی نییە لە رۆیشتنی ئیسکۆ، بەڵام پڕۆسەکە پێویستی وەرگرتنی بە رەزامەندی ئیسکۆ هەیە".
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "کارلۆ ئەنچیلۆتی بە بەرپرسانی یانەکەی راگەیاندووە، کە ئیسکۆ لەپلانەکانیدا نییە و گڵۆپی سەوزی بۆ فلۆرینتینۆ پێرێز هەڵکردووە کە دەتوانێت ئیسکۆ بفرۆشێت".
ئیسکۆ ئالارکۆن لە هاوینی 2013 لە یانەی مالاگاوە پەیوەندی کرد بە یانەی ریال مەدریدەوە، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا راهێنەرانی ریال مەدرید گرنگییان بەتواناکانی ئەم یاریزانە ئیسپانییە نەداوە بە تایبەت ئەم وەرزە کەمترین کات بەشداری لە یارییەکانی یانەی شاهانە کردووە.
مووچەی ساڵانەی ئیسکۆ 10 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام بەهای یاریزانەکە لە بازاڕی گواستنەوەدا 40 ملیۆن یۆرۆیە.