مایکل ئۆین: لە مانچێستەر یونایتد بەهۆی رۆناڵدۆوە رێز لە نانی نەگیرا

رووداو دیجیتاڵ

 

مایکل ئۆین، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و یانەکانی لیڤەرپوول، مانچێستەر یونایتد و ریال مەدرید، لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە بوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کاریگەری نێگەتیڤی زۆری لەسەر ئاستی نانی لە یانەی مانچێستەر یونایتد هەبوو.
 
مایکل ئۆین، راشکاوانە گوتی "لە مانچێستەر یونایتد بەهۆی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە وەک پێویست رێز لە نانی نەگیرا".
 
ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، لەوانەیە نانی لە مانچێستەر یونایتد هەستی بەوە کردبێت کە لە ژێر سێبەری رۆناڵدۆدایە.
 
ئۆینلە درێژەی قسەکانیدا، دووپاتیکردەوە کە یاریزانێکی زۆر هەن کە خاوەنی توانا و بەهرەیەکی زۆر بوونە، بەڵام دواتر هەرگیز نەگەیشتوونەتە ئاستی راستەقینەی تواناکانیان.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک یاریزان هەن کە بەهرەیەکی ناوازەیان هەیە و لەوانەیە بتوانن زیاتریش بکەن. کەسێکی وەک نانی لە مانچێستەر یونایتد باس دەکەین، کە لە دوای کریستیانۆ رۆناڵدۆ هات، بەڵام کەمێک هەستی دەکرد کە لە سێبەریدایە. 
 
نانی لە ساڵی 2007 لە یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەوە پەیوەندی بە یانەی مانچێستەر یونایتدەوە کرد.
 
ئەو یاریزانە پۆرتوگالیە هەشت ساڵی لە ئۆڵدترافۆرد بەسەربردووە و کۆمەڵێک نازناوی بەدەستهێناوە، کە 230 یاری لەگەڵ مانچێستەر یونایتد ئەنجامداوە و 41 گۆڵی تۆمارکردووە و 71 ئاسیستیشی هەبووە.