قۆناخی 16ـی جامی ئەفریقا بە دوو یاریی بەهێز دەستپێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

قۆناخی شازدەی جامی ئەفریقا دەستپێدەکات و لە یەکەم یاریی قۆناخەکەدا هەڵبژاردەی سەنیگال بەرامبەر سودان یاریی دەکات.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 19:00 لە یەکەم یاریی ئەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکەدا هەردوو هەڵبژاردە رووبەڕووی یەکدەبنەوە، سەنیگال دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و قۆناخێکی دیکەی پاڵەوانێتییەکە ببڕێت، لەکاتێکدا تیپەکە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە دوو بردنەوە و یەکسانبوونێک بەبێ دۆڕان و وەکو یەکەمی کۆمەڵەی چوارەم سەرکەوت.
 
سودان ئەمە چوارەمجارە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکات، لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا دوو یاریی دۆراند و بردنەوەیەکی هەبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی چوار باشترین سێیەم سەرکەوتن هەڵبژاردەکە بە سێ خاڵ گەیشتە ئەم قۆناخە.
 
بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ، خالیدۆ کۆلیبالی، بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا بەرامبەر بەنین بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
 
پێشتر هەردوو هەڵبژاردە 6 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، سودان هیچ بردنەوەیەکی نییە، سەنیگال 4 یاریی بردووەتەوە و 2 یاریی نێوانیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
 
لە دووم یاریی قۆناخی شازدەی جامی ئەفریقادا، کاژێر 22:00 هەردوو هەڵبژاردەی تونس و مالی رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی هەشت.
 
رۆژی هەینی هەردوو هەڵبژاردە دوایین مەشقەکانیان بۆ یارییەکە ئەنجامدا و ئامادەن بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیکە.
 
هەردوو هەڵبژاردە مێژووییەکی دوور درێژیان بەرامبەر یەکدی هەیە، 15 یارییان بەرابەر یەکدی کردووە، تونس خاوەنی 7 بردنەوەیە، مالی 5 یاریی بردووەتەوە و سێ یاریی نێوانیان بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
 
تونس لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە دووەمی کۆمەڵەی سێیەم سەرکەوت و مالی بە دووەمی کۆمەڵەی یەکەم گەیشتووەتە ئەم قۆناخە.
 
براوەی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی تونس و مالی، لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر براوەی یاریی سەنیگال و سودان یاریی دەکات.