چاوەڕواننەکراو.. ریال مەدرید گرێبەستێکردنی لەگەڵ ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا رەتکردووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید گرێبەستکردنی لەگەڵ یاریزانێک رەتکردووەتەوە و ئێستا لە یانەی بارسێلۆنا ئەستێرەیەکی دیارە و هەمووان ستایشی ئاستی بەرزی یاریزانەکە دەکەن.
 
پێپێ مێل، راهێنەری ئیسپانی و پێشووی یانەی لاس پاڵماس، لەلێدوانێکی چاوەڕواننەکراودا دەڵێت "ریال مەدرید پێشتر گرێبەستکردنی لەگەڵ پێدری رەتکردووەتەوە."
 
مێل قسەی بۆ رادیۆی (Radioestadio Noche)ـی ئیسپانی کردووە و باس لەوە دەکات کە ریال مەدرید پێشتر چاودێریی پێدریی کردووە.
 
پێپی لەبارەی ئەو کاتەوە قسە دەکات کە پێدری یاریزانی یانەی لاس پاڵماس بوو و دەڵێت "ئەو کاتە قسەم لەگەڵ سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و ئێمێلیۆ پۆتراگینۆ کرد لەبارەی ئاستی پێدرییەوە، ریال مەدرید چاودێریی یاریزانەکەی دەکرد، بەڵام ئەوان پێیانوابوو یاریزانەکە بۆ ریال مەدرید گونجاو نییە."
 
بەمەش ریال مەدرید هەلێکی گەورەی بۆ گواستنەوەی یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی ئێستای تۆپی پێی جیهان لەدەستدا.
 
پێدری پێشتر لە یانەی لاس پاڵماس، 37 یاریی فەرمی لەژێر سەرپەرشتی پێپێ مێل ئەنجامداوە و ئەو راهێنەرە رۆڵی هەبووە لە پێشخستنی تواناکانی یاریزانەکە.
 
پێدری، لە ساڵی 2019 پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی بارسێلۆناوە کردووە، لەگەڵ ئەو یانەیە ئاستێکی زۆر بەرزی هەیە و تاوەکو ئێستا 221 یاریی فەرمی ئەنجامداوە و بچووکترین یاریزانی مێژووی یانەکەیە 150 یاریی لە خولی ئیسپانیادا بۆ یانەکە ئەنجامدابێت.
 
پێدری تەمەنی 23 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ بلاوگرانا لە 2030 کۆتاییدێت و ئێستا نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 140 ملیۆن یۆرۆ.