مژدەیەکی گەورە گەیشتە ریال مەدرید
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەو شۆکەی بەهۆی پێکانەکەی کیلیان ئێمباپێوە یەخەی ریال مەدریدی گرتبوو، ئێستا هەواڵەکان بە ئاراستەیەکی دڵخۆشکەردا دەڕۆن و مژدەی گەڕانەوەی 'ئیمپراتۆرە فەرەنسییەکە' دەدەن.
تۆماس گۆنزالێس، رۆژنامەنووسی متمانەپێکراو و نزیک لە یانەی ریال مەدرید ئاشکرای کرد، کیلیان ئێمباپێ بەڕێژەیەکی زۆر و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، بۆ یاریی دێربی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە جامی سوپەری ئیسپانیا ئامادە دەبێت.
بڕیارە رۆژی 8ـی ئەم مانگە، ریال مەدرید لە یاریی پێش کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا لە سعودیە رووبەڕووی هاوشارەکەی ببێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی گۆنزالێس، پڕۆسەی چاکبوونەوەی ئێمباپێ زۆر خێراتر لەوە دەڕوات کە پێشبینی دەکرا و ئەگەری بەشدارییکردنی لەو یارییەدا زۆر بەهێزە.
ئەم هەواڵە هەناسەیەکی سارد بە چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر و هاندەرانی مێرێنگی دەبەخشێت، چونکە گەڕانەوەی ئێمباپێ لەو کاتەدا، هێزێکی دوو هێندە دەداتە هێڵی هێرشبەری ریال بۆ چنینەوەی یەکەم نازناوی ساڵی نوێ.
پێشتر یانەی ریال مەدرید بەفەرمی رایگەیاند، ئێمباپێ تووشی پێکان بووە و ئەژنۆی چەپی سۆڕاوە، ئەمەش دوای ئەو پشکنینە وردانەی بۆی ئەنجامدران. ئەوکات راگەیێنرا کە ئەگەری بەشداری نەکردنی لە جامی سوپەری ئیسپانیا زۆر بەهێزە.
گرتە ڤیدیۆییەکانی مەشق و راهێنانەکانی رۆژی سێشەممەی رابردووی یانەی شاهانە، ئێمباپێ نیشان دەدەن کاتێک هەست بە ئازارێکی زۆر لە ئەژنۆیدا دەکات. یاریزانە فەرەنسییەکە دەستبەجێ راهێنانی راگرت و دەستی خستە سەر ئەژنۆی، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای چابی ئەلۆنسۆ و هاندەرانی ریال مەدرید دروست کرد.
رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی ئەوکات رایگەیاند کە ئێمباپێ چەند هەفتەیەکە بەدەست ئازاری بەستەری دەرەکی ئەژنۆیەوە دەناڵێنێت، بەڵام پێداگری لەسەر یاریکردن کردووە، ئەوەش وایکردووە پێکانەکەی قووڵتر ببێتەوە و پێویستی بە 3 هەفتە پشوو بێت.
گەڕانەوەی ئێمباپێ لەم کاتەدا نەک تەنیا لەسەر ئاستی یاریکردن، بەڵکو لەسەر ئاستی دەروونی و هزریشەوە بۆ هاوڕێکانی و تیپەکە و خودی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەریش زۆر گرنگە.