رۆبێرتۆ باجیۆ: دەکرێ لە شکستەکاندا هەلی هەڵسانەوە دروست ببێت
رووداو دیجیتاڵ
رۆبیرتۆ باجیۆ، ئەفسانەی پێشووی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، ئاشکرایکردووە، ئەو شۆکانەی لە ژیاندا تووشیان دەبیت، دەکرێ لەنێوەڕۆکدا هەلی دووبارە خۆدروستکردنەوەیان تێدا بێت.
باجیۆ دووپاتیکردووەتەوە، گۆڕانکارییە گەورەکان لە ژیانیدا تەنیا بەرهەمی نێو یاریگەکان نەبوون، بەڵکو بەرهەمی ئەزموونی مرۆیی قووڵ بوون. دیارترینیان ئەو رووداوەی دزیکردن لە ماڵەکەی کە هاوینی رابردوو روویدا و کاریگەریی گەورەی لەسەر خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی دروستکرد.
باجیۆ لەبارەی ژیانی لاوێتیی خۆیەوە، دەڵێ سەرەتاکان، بنەمای هۆشیاریی من بوون. زۆر زوو لەپێناو یارییکردن لە ماڵەوە رۆیشتم و خێزانەکەم بەجێهێشت و روومکردە ژیان لە شوێنێک کە رووبەرەکەی زۆر کەم بوو، ئەوەش وایکرد پێزانینم بۆ بەهاکان و پەیوەستییە خێزانییەکان هەبێت.
باجیۆ باسی ئەو رووداوی دزییەی کرد کە لەکاتی نەبوونی ئەو لە ماڵەکەیدا، هاوینی رابردوو روویدا. دووپاتیکردووەتەوە کە ئەو رووداوە مەترسیی لەسەر خێزانەکەی دروستکردووە، بەڵام لەهەمان کاتدا پەیوەندییەکانی بەهێزترکردووە، بەتایبەت کاتێک باوکی رۆڵی گەورەی لە ئاساییکردنەوەی دۆخی خێزانەکەدا گێڕاوە.
باجیۆ دەڵێ، ئەو گورزە کوشندەیە، بووە خاڵی وەرچەرخان بۆ گۆڕانکاریی بنچینەیی لە ژیانماندا، دووپاتیدەکاتەوە، تەنگژەکان دەکرێ لە نێوەڕۆکدا، هەلی خۆ دروستکردنەوەیان تێدا بێت.
ئەستێرە ئیتاڵییەکە هەروەها دەڵێ، تاوەکو ئێستا لەگەڵ یاریزانان و ئەفسانەکانی تۆپی پێدا لە نەوە جیاوازەکان دیدار و چاوپێکەوتنم هەیە، دەڵێ ئەو دیدارانە سۆزاوین بەهۆی ئەو هەست و رێز و پێزانینەی لەنێویاندا هەست بەبوونی خۆم دەکەم.
ئەو هەروەها دەڵێ، هەموو کات هەوڵدەدەم بەدڵی کراوە و راستگۆیانەوە لە تۆپی پێ بڕوانم، چونکە ئەو یارییە بەهای بەرزی فێری من کرد لە ژیاندا.
باجیۆ هەڵوەستەی لەسەر دۆخی ئێستای تۆپی پێ کردووە و دەڵێ، جیاوازیی نێوان ئێستا و رابردوو زۆر گەورەیە. هەڵبژاردەکانی ساڵانی 1990، 1994 و 1998 پشتی بە بناخەیەکی سەرەکی دەبەست، کە تیپەکەی لەچواردەور دروستدەکرا، بەڵام ئێستا بەو شێوەیە نەماوە.
باجیۆ داوای کەمکردنەوەی پشتبەستن بەیاریزانانی بیانی و ئاوڕدانەوە لە بەهرەمەندە نێوخۆییەکان لە ئیتاڵیا دەکات.