دێربیی کەتەلۆنیا لەژێر گوشارێکی زۆردایە
رووداو دیجیتاڵ
بارسێلۆنا لە یەکەم یاریی خۆی لە ساڵی نوێ رووبەڕووی ئیسپانیۆل دەبێتەوە و هەموو چاوەکانیش لەسەر خوان گارسیای گۆڵپارێزی پێشووی ئیسپانیۆل و ئێستای بارسێلۆنان، ئەوان گۆڵپارێزی پێشووی یانەکەیان بە 'ناپاک' ناو دەبەن و هەڕەشەی فڕێدانی مشکی لێ دەکەن، یانەی ئیسپانیۆلیش رێوشوێنی تووندی بۆ پاراستنی گۆڵپارێزەکە گرتووەتەبەر.
ئەمڕۆ هانزی فلیک و بارسا لە گەڕانەوەیان بۆ یارییەکانی لالیگا دوای پشووی زستانە، دەچنە یاریگەی ئار سی دی ئی، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیسپانیۆل، کە رکابەرە مێژووییەکەیان باشترین وەرزی خۆی لە دوای ساڵی 1995ـەوە بەڕێدەکات و بە 33 خاڵ لە پلەی پێنجەمی ریزبەندییەکەدایە، تەنیا 2 خاڵ لە ناوچەی چامپیۆنزلیگەوە دوورە.
ئەم یارییە بە 'دێربیی خوان گارسیا' دەناسرێت، گۆڵپارێزە تەمەن 24 ساڵانەکە دەگەڕێتەوە ئەو یانەیەی لە تەمەنی 15 ساڵییەوە تێیدا گەورە بوو، بەڵام هاوینی رابردوو دوای ئەوەی بارسێلۆنا بڕی 25 ملیۆن یۆرۆی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی دا، پەیوەندی بە یانە کەتەلۆنییەکەوە کرد، گارسیا لەم وەرزەدا ئاستێکی سەرنجڕاکێشی پێشکەش کردووە و بارسێلۆنا وەک گۆڵپارێزی داهاتووی سەیری دەکات.
هاندەرانی ئیسپانیۆل هەست بە ناپاکی دەکەن، بەو هۆیەوە یانەکە پەرژین و تۆڕی پارێزەری لە پشتی هەردوو گۆڵەکەوە داناوە بۆ رێگریکردن لە فڕێدانی هەر شتێک بۆ ناو یاریگە، هەندێک لە گرووپەکانی هاندەران هەڕەشەی ئەوەیان کردووە مشکی بۆ فڕێ دەدەن، هەروەها رێگە بە چوونی هاندەرانی بارسێلۆنا نادرێت و پۆشینی درێس و هێماکانی ئەو یانەیە لە هەموو شوێنێکی یاریگەکە قەدەخەیە.
رێوشوێنەکان زۆر تووندن، لیستێکی کەلوپەلە قەدەخەکراوەکان بڵاوکراوەتەوە کە کڵاوی ماتۆڕسکیل، جانتا، لاپتۆپ، بوتڵی شووشە و هەر شتێک لەخۆدەگرێت بتوانرێت فڕێ بدرێتە ناو یاریگە، ئەمەش لە ترسی دووبارەبوونەوەی سزاکانی پێشترە، چونکە ئیسپانیۆل سزای هەڵپەسێردراوی داخستنی یاریگەی لەسەرە.
لیاندرۆ کابرێرا، کاپتنی ئیسپانیۆل دەربارەی ئەم دۆخە دەڵێت "هاندەران مافی خۆیانە فیکە بۆ هەر کەسێک لێبدەن کە دەیانەوێت، بەڵام دەبێت بەشێوەیەک بێت زیان بە یانەکەمان نەگەیێنێت، بە رۆیشتنی خوان، ئیسپانیۆل بڕە پارەیەکی باشی دەستکەوت و سوودی لێ بینی بۆ بەهێزکردنی تیپەکە، بۆیە هەر شتێک رووبدات نابێت کاریگەری خراپی لەسەر یانەکەمان هەبێت".
گارسیا بووە 38ـەمین یاریزان لە مێژوودا لە ئیسپانیۆلەوە بچێتە بارسێلۆنا، بەڵام یەکەم یاریزانە لە ماوەی 31 ساڵی رابردوودا ئەم ناڕەزاییە دروستبکات، دوایین یاریزان ئیگۆر کۆرنێیێڤی رووسی بوو لە ساڵی 1994.
ئیسپانیۆل بە پارەی فرۆشتنی گارسیا تیپەکەی بەهێزتر کردووە، مارکۆ دمیترۆڤیچی گۆڵپارێزی پێشووی لیگانێسی گواستەوە کە یەکێکە لە باشترینەکانی ئەم وەرزە، هەروەها بڕی 6 ملیۆن یۆرۆی لە کڕینی رۆبێرتۆ فێرناندێز و 5 ملیۆن یۆرۆی لە ئورکۆ گۆنزالێز خەرج کردووە.