بارسێلۆنا یارییەک دەکات، بردنەوە تێیدا بە نازناوێکە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا یەکەم یاریی خۆی لە ساڵی نوێدا ئەنجامدەدات و لە دێربیی کەتەلۆنیادا رووبەڕووی یانەی ئیسپانیۆل دەبێتەوە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 18ـی لالیگادا، کاژێر 23:00 لە یارییەکی زەحمەتدا، بارسێلۆنای پێشەنگی ریزبەندی خولەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی ئیسپانیۆلی هاوشاری و ئەمە دێربیی کەتەلۆنیایە.
بارسا دوایین 7 یاریی لەسەریەک بردووەتەوە، لە دوایین 3 یارییدا هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە و لە دۆخێکی زۆرباشدا تێدەپەڕێت، تیپەکە چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە بۆ ئەوەی شوێنی خۆی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە بەهێزتر بکات و بەبردنەوەی یارییەکی دیکە رووبکاتە سعودیە بۆ ئەنجامدانی جامی سوپەری ئیسپانیا.
یانەی ئیسپانیۆل لەم وەرزەدا ئەنجامەکانی باشن، خاوەنی 10 بردنەوەیە و ئێستا لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکەیە، تیپەکە دوایین سێ یاریی لەسەریەک بردووەتەوە و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەکانی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە رابگرێت.
یارییەکە بۆ خوان گارسیا، گۆڵپارێزی بارسێلۆنا زۆر تایبەت دەبێت، لەکاتێکدا دوای 9 ساڵ یارییکردن لە تیپە جیاوازەکانی ئیسپانیۆل، ساڵی رابردوو پەیوەندیی بە بارسێلۆناوە کرد و دەگەڕێتەوە یاریگەی تیپەکەی پێشووی.
لە دوایین 11 یاریی نێوان هەردوو یانەدا لە لالیگا، بارسێلۆنا نەدۆڕاوە، دوایین دۆڕانی بەرامبەر ئەو یانەیە لە قۆناخی هەشتی جامی شای ئیسپانیای وەرزی 2017-2018 بوو، بەڵام ئەو کاتەش بارسا یاریی گەڕانەوەی بردەوە و سەرکەوت.