ئارسیناڵ دەیەوێت بەبردنەوەیەکی دیکە پێشەنگ بەهێزتر بکات
رووداو دیجیتاڵ
رکابەرییەکانی گەڕی 20ـی پرێمەرلیگ بە ئەنجامدانی چوار یاریی دەستپێدەکەن و یانەی ئارسیناڵی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و سەرکەوتنێکی دیکە بەدەستبهێنێت.
کاژێر 20:30 لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یانە لەندەنییەکەی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بەرامبەر یانەی بۆرنمۆوس یاریی دەکات و چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکەیە، بۆ ئەوەی شوێنی خۆی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەدا بەهێزتر بکات و جیاوازییەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتیی دووەم زیاتر بکات.
ئارسیناڵ بەبردنەوەیەکی گەورەوە چووە نێو ساڵی نوێ، کاتێک لە یاریی رابردوودا بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئاستۆن ڤیلای بردەوە، دوای ئەوەش مانچێستەر سیتی دوو خاڵی لەدەستدا، بەمەش گانەرز دووجار براوەبوو و جیاوازییەکەیان بووە چوار خاڵ.
بۆرنمۆوس لە دۆخێکی باشدا نییە، لە دوایین 10 یارییدا یانەکە هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و لە پێنج یاریی رابردوودا یەکسانبووە، بەڵام لە گەڕی رابردوودا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لەگەڵ چێڵسی یەکسانبووە، ئارسیناڵ دەیەوێت سوود لەو دۆخەی یانەکە وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.
وەرزی رابردوو ئارسیناڵ هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوەی بەرامبەر بۆرنمۆوس دۆڕاندبوو، ئەمە ئاڵنگارییەکی نوێیە بۆ تیپەکەی میکێل ئارتێتا و دەیانەوێت تۆڵەی ئەو دوو دۆڕانە بکەنەوە.