کارلۆ ئەنچێلۆتی: خۆم ناهێنمە ئاستی قسەکانی لاپۆرتا و چاڤی
رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید، دووپاتیکردەوە کە خۆی ناهێنێتە ئاستی قسەکانی خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا و چاڤی هێرناندێزی راهێنەری ئەو یانەیە. گوتیشی "رێزێکی زۆرم بۆ دیێگۆ سیمیۆنی هەیە، بەهۆی ئەو توانایەی بۆ خوێندنەوەی یارییەکان هەیەتی".
سبەی لە یاریی دێربیی مەدرید لە لالیگادا، ریال مەدرید لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری ئاتلێتیکۆ مەدریدی هاوشارەکەی دەکات.
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "دێربیی سێیەم یارییەکی گرنگە، هەموو یارییەکانی دێربی سەرسوڕهێنەر و زۆر ئاڵۆزبوون، ئەمجارەیان لە یاریگەی بێرنابیۆ دەبێت، ئەمەش یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ ئێمە".
کارلیتۆ باسی دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدریدی کرد و گوتی "رێزێکی زۆرم بۆ دیێگۆ سیمیۆنی هەیە، بەهۆی ئەو توانایەی بۆ خوێندنەوەی یارییەکان هەیەتی".
هەروەها گوتیشی "دیێگۆ سیمیۆنی یەکێکە لە ئاڵۆزترین و زوحمەتترین ئەو راهێنەرانەی تاوەکو ئێستا رووبەڕوویان بوومەتەوە".
ئەنچێلۆتی زیاتر گوتی "ئایا دێربیی مەدرید یان ئیلکلاسیکۆ گرنگترە؟ هەردووکیان یاریی زۆر گرنگ و ورووژێنەرن لە بەرزترین ئاستدا".
کاتێک لێیانپرسی، ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر بەشداری لە یارییەکەدا دەکات؟ کارلیتۆ لە وەڵامدا گوتی "دۆخی زۆر باشە، دواتر بڕیار دەدەین ئایا بەشداری دەکات یان نا، بەڵام ناوی لە لیستی تیپەکەماندا هەیە".
راهێنەری شاهانە، ئاماژەی بەوەشکرد کە بژاردەکان بۆ جێگرتنەوەی شوێنی ئالابا و رودیگێر لە بەرگریکاری ناوەڕاست، کە پێکانیان هەیە بریتین لە مێندی، کارڤاخال و کاماڤینگا و گوتی "متمانەم بە هەموو بژاردەکان هەیە، کاماڤینگا یاریزانێکی زۆر خێرا و بەهێزە لە بەریەککەوتنە دوو قۆڵییەکاندا".
لەم یارییەدا گۆڵپارێزی سەرەکی کێ دبێت؟ ئەمە پرسیارێکی دیکەبوو کە لە ئەنچێلۆتی کرا؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی "سەرەتا هیچ گۆڵپارێزێک نییە هەڵە نەکات یان بێ هەڵە بێت، هەردووکیان باشن، بەڵام ناڵێم کە لەم یارییەدا کێ یاری دەکات".
لە کۆتایی قسەکانیدا، راهێنەری ریال مەدرید سەبارەت بە هێرشی خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی ابرسێلۆنای رکابەریان و چاڤی هێرناندێزی راهێەنری بارسا؟ ئەنچێلۆتی گوتی "من خۆم ناهێنمە ئاستی قسەکانیان، چونکە ئەوە ئاستێکی زۆر ناپڕۆفیشناڵە".