ئەمشەو دێربیی لەندەنەوە و رکابەرییەکە لەسەر گەیشتن بە یاریی کۆتاییە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو دێربیی لەندەنە، دێربییەک ئەوەی تێیدا سەربکەوێت هەنگاوێکی زۆر بچووکی دەمێنێت بۆ ئەوەی بچێتە سەر ستەیج و یەکەم نازناوی ئەم وەرزە بباتەوە.
کاژێر 23:00 یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی کاراباو کەپ، لەنێوان هەردوو یانەی ئارسیناڵ و چێڵسی لە یاریگەی ئیماراتس بەڕێوەدەچێت، هەرکاتێک ئەم دووانە رووبەڕووی یەکدەبنەوە، هەمووان چاوەڕێی دوای یارییەکە دەکەن، هاندەرانی ئارسیناڵ بۆ ئەوەی بڵێن لەندەن سوور و سپییە، هاندەرانی چێڵسیش بۆ ئەوەی دووپاتیبکەنەوە لەندەن شینە.
یاریی چوونی نێوان هەردوو یانە بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە بەرژەوەندی گانەرز کۆتاییهاتووە، تیپەکەی ئارتێتا لە یاریگەی خۆیدا یاریی دەکات و رەنگە هەلێکی زیاتری هەبێت بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی کاراباو کەپ تەواو بکات، بەڵام چێڵسی ئەو تیپە ئاسانەی سەرەتای ئەم وەرزە نییە و لە دوای دەستبەکاربوونی لیام رۆسێنیۆرەوە تیپەکە چووەتە قۆناخێکی دیکە و رۆژ لە دوای رۆژیش باشتر دەردەکەوێت.
هەردوو لەندەنییەکە لە دۆخێکی زۆرباشدا ئەم یارییە دەکەن، هەردووکیان لە چامپیۆنزلیگدا گەیشتوونەتە قۆناخی شازدە، هەردووکیان دوایین یارییان لە پرێمەرلیگدا بردووەتەوە و چاویان لە بردنەوەیەکی دیکەیە بۆ ئەوەی زیاتر لە رێگەی گەیشتن بە نازناوی یەکەمی ئەم وەرزە نزیک ببنەوە.
یەکسانبوون و بردنەوە لە یارییەکەدا بژاردەکانی ئارسیناڵن بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی، چێڵسی جگە لە بردنەوە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە.
ئەوەی بۆ هاندەرانی ئارسیناڵ جێگەی دڵخۆشییە، ئەگەری گەڕانەوەی ساکا و مارتن ئۆدیگاردە بۆ نێو پێکهاتەی سەرەکی، بەتایبەت دوای ئەوەی لە یاریی رابردووی پرێمەرلیگدا ساکا لە پێکهاتەکەدا نەبینرا، لە چێڵسی گومان هەیە ئێستێڤاو بەشداری لە یارییەکەدا بکات، جگە لەوەس رۆسێنیۆر بەهۆی خشتەی یارییەکانەوە تاوەکو ئێستا نەگەیشتووەتە پێکهاتەیەکی جێگیر و هەر یارییە و بە پێکهاتەیەکی جیاواز یاریی دەکات.
لە 9 یاریی رابردوودا ئارسیناڵ هیچ یارییەکی بەرامبەر بلۆز نەدۆڕاندووە، دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی دەیەم یاریی بەدوای یەک لە بەرژەوەندی خۆی تەواو بکات و بگاتە یاریی کۆتایی، بەڵام ئایا رۆسێنیۆر دەتوانێت قسەیەکی دیکەی هەبێت؟ ئیماراتس وەڵامەکەی دەداتەوە.