ناوی رۆناڵدۆ لە بەڵگەنامەکانی ئێپستیندا تێوەگڵاوە؟



رووداو دیجیتاڵ

لە دوای بڵاوکردنەوەی ژمارەیەکی زۆری بەڵگەنامەی نوێ لە دۆسێی ئێپستین، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریکاوە، ناوی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی بەو دۆسێیەوە بەسترایەوە.
 
جێفری ئێپستین، سەرمایەداری کۆچکردووی ئەمریکی، تۆمەتبارکراوە بە بازرگانیکردن بە سێکس و پێکهێنانی تۆڕی فراوان بۆ دەستدرێژیکردنە سەر مێرمنداڵان. دۆسێیەکە بەهۆی بوونی ناوی چەندین کەسایەتیی سیاسی و جیهانی لە ناو لیستەکاندا، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە ئاستی جیهاندا دروستکردووە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پورتوگالیی یانەی نەسڕی سعودی، یەکێکی دیکەیە لەو ناوانەی کە لەدوای بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامە نوێیەکان، مشتومڕ لەسەری دروستبووە و هەندێک سەرچاوە گوتویانە ناوی ئەو یاریزانە لە هەندێک بەڵگەنامەی دۆسێیەکەدا دۆزراوەتەوە و هەندێکی دیکەش گوتیان، رۆناڵدۆ سەردانی ئەو دوورگەیەی کردووە کە ئێپستین تێیدا ژیاوە و هەموو کارە نایاساییەکانی تێدا ئەنجامداوە.
 
سەرچاوەکان، پاش لێکۆڵینەوەی ورد لە بەڵگەنامە نوێیەکانی دۆسێیەکە، دووپاتیانکردووەتەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، دوور و نزیک ناوی لە بەڵگەنامە نوێیەکاندا نەهاتووە، بەڵکو لێکچوونێک لە ناوی کەسێکدا هەیە بەناوی 'ریناڵدۆ'، لەبری 'رۆناڵدۆ'، هەربۆیە وا بڵاوکراوەتەوە کە رۆناڵدۆش لە دۆسێیەکاندا ناوی هێنراوە.
 
بەپێی بەدواداچوون و وردبوونەوەکان، ریناڵدۆیەکە ناوی لە بەشێک لەو دۆسێیانەدا هاتووە کە پەیوەندی بە سیاسەتمەدارێکی بەریتانییەوە هەیە، بەڵام ئەو ریناڵدۆیە نەک رۆناڵدۆ، بۆیە پێدەچێت کارەکە بۆ هەڵمەتێکی ناوزڕاندن و شکاندنی رۆناڵدۆی پۆرتوگالی قۆسترابێتەوە، لە میدیاکاندا. یان دەکرێ تێنەگەیشتن لە حونجەکردنی پیتەکانی ناوی رۆناڵدۆوە دروست بووبێت.
 
ناوهێنانی رۆناڵدۆ لە دۆسێیەکاندا، وایکرد لە زۆر شوێنی جیهانەوە لە سۆشیال میدیا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ رووبەڕووی هێرشی تووند ببێتەوە و هاشتاگی تایبەتی لەسەر دروست بکرێت و هەزارانجار ئەو ئەستێرەیە وەک دەستدرێژیکارێک بۆ سەر مێرمنداڵان ناوی بهێنرێت.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ و دەستەی یاریدەدەرەکانی، تاوەکو ئێستا بەفەرمی هیچ لێدوان و روونکردنەوەیەکیان لەسەر ئەوە نەداوە کە روویداوە، لە کاتێکدا میدیای سعودیە دەڵێن، ئەو یاریزانە لە دۆخی یانەی نەسڕ لە سعودیە زۆر نیگەرانە، بەهۆی چوونی کەریم بنزیما لە یانەی ئیتیحادەوە بۆ یانەی هیلال، کە بەبڕوای رۆناڵدۆ، هەلی رکابەریی دادپەروەرانە لە خولەکە، لەناودەبات.