ئاشکرابوو.. بۆچی گۆڕینەوەی کانتێ و نسێری شکستیهێنا؟
رووداو دیجیتاڵ
یانەی فێنارباخچەی تورکی بەشێوەیەکی فەرمی هۆکاری شکستهێنانی لە گۆڕینەوەی یوسف نسێری و ئێنگلۆ کانتێ رووندەکاتەوە و دەڵێت "نەمانتوانیووە لە کاتی گونجاودا ناوی کانتێ تۆماربکەین."
فێنارباخچە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "پرۆسەی گۆڕینەوەی ئێنگلۆ کانتێ و یوسف نسێری لەگەڵ یانەی ئیتیحاد، لەلایەن یانەکەمانەوە بەو شێوەیەی پلانی بۆ دانرابوو بە وردی لەلایەن هەموو یانەکانەوە بەڕێوەچوو، لەم پرۆسەیەدا کە بەپێی داواکاری دەستەی هونەری یانەکەمان بەڕێوەچوو، رێککەوتن لەگەڵ یاریزانان کرا، پشکنینە پزیشکییەکانی ئەو یاریزانانەی بڕیاربوو بگوێزرێنەوە تەواو بوون، رەزامەندییە پێویستەکان وەرگیران و یانەکەمان هەموو ئەرکەکانی سەر شانی خۆی لە کاتی دیاریکراودا و بە تەواوی جێبەجێ کردووە. بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە تۆمارکردنی گواستنەوەکە، لە ماوەی دیاریکراودا بە دروستی و بە تەواوی لە سیستەمدا بارکراون، بەڵام بەهۆی ئەوەی یانەی بەرامبەر زانیارییەکانی پەیوەست بە TMS (سیستەمی چاودێری گواستنەوە)ی بە هەڵە داخڵ کردووە، بەدەر لە ئیرادەی یانەکەمان، رێکارەکان لە ماوەی دیاریکراوی تۆمارکردنی گواستنەوەدا تەواو نەکراون."
یانە تورکییەکە زیاتر دەڵێت "لەم چوارچێوەیەدا داوای کاتی زیادە کرا، گفتوگۆ پێویستەکان لەلایەن یانەکەمانەوە لەگەڵ فیفا (FIFA) ئەنجام دران و هەموو هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکە نرا. سەرەڕای ئەمانە، لە پرۆسەی بەردەوامدا، بەبێ ئەوەی هیچ پاساوێک بۆ ئێمە بخرێتەروو، لەلایەن یانەی بەرامبەرەوە رێکارەکان تەواو نەکراون. لە ئەنجامی ئەم پێشهاتانەدا، بەداخەوە پرۆسەی گواستنەوەی ناوبراو سەرکەوتوو نەبوو و نەگەیشتە کۆتایی، ئێمە لەو نائومێدییەی کە ئەم پرۆسەیە لەناو جەماوەر و کۆمەڵگەکەماندا دروستی کردووە تێدەگەین و هاوبەشی خەمتانین. یانەکەمان بە هەمان پێداگری و رێکارەکانی بەردەوامە لە داڕشتنەوەی پێکهاتەی تیپەکە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە وەرزشییەکانی."
یانەی ئیتیحاد پێویستییەکی زۆری بە نسێری هەبوو بۆ ئەوەی شوێنی کەریم بنزیما بگرێتەوە کە پەیوەندی بە یانەی هیلالەوە کرد، بەڵام گرێبەستەکە نەکرا و ئیتیحاد بە ناچاری گرێبەستی لەگەڵ جۆرج ئیلینیکای هێرشبەری لاوی یانەی مۆناکۆی فەرەنسی واژۆکرد.