کلیلی سەرکەوتنی بارسێلۆنا بۆ یاریی کۆتایی جامی شا


رووداو دیجیتاڵ

هەرچەند چوار رۆژ لەمەوبەر، بارسێلۆنا لەنێو یاریگەی سێڤییادا بردنەوەیەکی بەدەستهێنا زیاتر لە سێ خاڵ مانا و گرنگیی بۆ یانەکە هەبوو، بەڵام ئەمشەو کاتێک لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شادا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بارودۆخەکە تەواو جیاوازە و لە چاوترۆکانێکدا شتەکان دەکرێت گۆڕانکارییان بەسەردابێت.

بارسێلۆنا یاریی چوونی بە 2-0 لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دۆڕاندووە، بردنەوە لەم یارییەدا بۆ بلاوگرانا بەس نییە، بەڵکو دەبێت بەجیاوازیی سێ گۆڵ یارییەکە بباتەوە بۆ ئەوەی بگاتە یاریی کۆتایی، ئەمەش شتێکی قورسە لەبەردەم پێکهاتەی ئێستای یانە کەتەلۆنییەکە، بەڵام مەحاڵیش نییە و دەکرێت رووبدات.

بارسێلۆنا بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی پێویستە چەند شتێک بکات، کە من پێموایە ئەمە کلیلی سەرکەوتنی یانەکە دەبێت بۆ یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.

یەکەم؛ بارسێلۆنا دەبێت بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجامی یاریی چوون و بردنەوەیان لە یاریی رۆژی شەممە، لە رکابەرییەکانی لالیگادا ئەم یارییە ئەنجامبدات، ئەمە یارییەکی دیکەیە و بارودۆخەکەش جیاوازترە، ئەوەشی لە هەمووی زیاتر هاوکاریی بارسێلۆنا دەکات ئەوەیە کە یاریی گەڕانەوە لە یاریگەی کامپ نویە و لە قۆناخەکانی کرانە دەرەوەدا، لە هەموو پاڵەوانێتییەکاندا کاتێک بارسا یاریی دووەمی لە یاریگەی خۆی بێت باشتر یارییدەکات و دەردەکەوێت.

دووەم؛ سەرجەم یاریزانەکانی بارسێلۆنا بەوانەشی کە لەم یارییەدا لەسەر کورسیی یەدەگ دادەنیشن، پێویستە لە رووی هزری و دەروونییەوە، بەباشترین شێوە ئامادەبن، یانەکە بۆ بردنەوە پێویستیی بە رۆحیەتێکی زیاتر لەو یارییە هەیە کە رۆژی شەممە پێی دەرکەوتن، بۆ ئەوەی یارییەکی باش بکات و بگاتە یاریی کۆتایی، لەکاتێکدا سێڤییا بارودۆخی زۆر باشترە و سێبەشی رێگەکەی بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی بڕیوە و ئەرکی ئەو لە یارییەکەدا ئاسانترە.

سێیەم؛ کلیلی سەرکەوتنی بارسێلۆنا بۆ هەر یارییەک، وەک هەمیشە لیۆنێل مێسییە، بەڵام ئەویش پێویستیی بە هاوکارییە، زۆر گرنگە یاریزانانی بارسێلۆنا ئەرکی مێسی لە یارییەکەدا ئاسان بکەن، دەبێت یاریزانانی بارسا هەوڵی دروستکردنی رووبەڕی فراوان لە یاریگەدا بدەن و تۆپ بگەیننە مێسی، لیۆ ببێتە خاڵی یەکلاییکەرەوە، نەک مێسی بگەڕێتەوە ناوەڕاست و ئەو تۆپ بداتە یاریزانەکانی دیکە، یان رۆڵی یاریی دروستکەر ببینێت وەک لە گۆڵکەر، کە بێگومان دوای ئەو گۆڵەی لە یاریی رابردووی یانەکەدا بەرامبەر سێڤییا تۆماریکرد، لۆپیتیگێ پلانێکی باشتر دادەڕێژێت بۆ رێگەگرتن لە مێسی، لە کاتێکدا مێسی لە 42 یارییدا بەرامبەر سێڤییا 38 گۆڵی کردووە و 19 گۆڵی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە.

چوارەم؛ بەرگریی بارسێلۆنا دەبێت بەباشترین شێوە بۆ ئەم یارییە ئامادەبێت و نابێت بەهیچ شێوەیەک هەڵەبکات، دەبێت بەرلەوەی گۆڵ بکات، بارسێلۆنا بیر لە پاراستنی گۆڵەکەی بکاتەوە، چونکە تۆمارکردنی هەر گۆڵێک لەلایەن یانەی سێڤییاوە، بارسێلۆنا زیاتر لە چوونە دەرەوە نزیکدەکاتەوە.

پێنجەم؛ پلانی کۆمان و مێژووی بارسێلۆنا لە بەرامبەر سێڤییا خاڵێکی دیکەی ئەرێنی دەبن بۆ ئەوەی بارسا بگاتە یاریی کۆتایی، دوای ئەو پلانە نوێیەیەی لە یاریی رۆژی شەممەدا جێبەجێیکرد، کۆمان رۆیەکی دیکەی بارسێلۆنای پێشاندا و پێکهاتەیەکی هێرشبەرانە و بەرگریکارانەی لە یەککاتدا دروستکرد بووە هۆکاری بردنەوەی یارییەکە، دەبێت کۆمان بەو پلانە یارییەکە بکات، بەڵام بە وشیاری و هەستیارییەکی زیاترەوە، چونکە ئەم پلانە پێویستی بە توانایەکی جەستەیی زیاتر و ماندووبوونی زیاتر هەیە، جگە لەوەش بارسێلۆنا لە 11 ساڵی رابردوودا بارسا لەنێو کامپ نو هیچ یارییەکی بەرامبەر سێڤییا نەدۆڕاندووە، بەڵام دوایین دۆڕانیشی هەر لە جامی شا بوو، کاتێک لە 2010 لە یاریی چوونی قۆناخی 16، بە 1-2 بەرامبەر سێڤییا دۆڕا و پاشان سێڤییا نازناوەکەشی بردەوە، لەو ساڵەوە، هەردوو یانە 15 یارییان لە کامپ نو کردووە، سێڤییا نە لەو یاریگەیەدا هیچ یارییەکی دیکەی بردووەتەوە و نە نازناوەکەشی بەدەستهێناوەتەوە.