لە میلان هەموو شتێک بەرەو رووخان دەچێت


رووداو دیجیتاڵ

یانەی میلان دووچاری شکستێکی دیکە بوو و بە ئەنجامی 2 - 1 گۆڵ بەلازیۆی میوانی دۆڕا. شکستەکە سێیەم شکستی لەسەریەکی ئەو یانەیەیە و بووە هۆکاری ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی هاندەرانی یانەکە، لە دژی ئەنجامەکانی تیپەکەیان.
 
شکستەکە بەرامبەر لازیۆ، کە هەشتەم شکستی یانەکە بوو لە وەرزی ئەمساڵی سێری ئادا، بێئومێدییەکی زۆری دووچاری هاندەرانی یانەکە کرد، بەتایبەت کە تاڕادەیەکی زۆر تیپەکەی لە گەیشتن بەچامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو بێ هیوا کرد.
 
میلان لە دوایین شەش یاریی خۆیدا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، تەنیا یەک بردنەوەی بەدەستهێناوە، بەو هۆیەوە بۆ پلەی نۆیەمی ریزبەندی سێری ئا دابەزیووە، بەئاسانیش ناتوانێت قەرەبووی خاڵە لەدەستچووەکانی بکاتەوە و بلیتی سەرکەوتن بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو مسۆگەر بکات و ئاسانترین رێگە بۆ یانەکە لەپێناو گەیشتنەوە بەچامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، بردنەوەی نازناوی جامی ئیتاڵیایە.
 
ئەنجامە خراپەکانی یانەکە، هاوکاتن لەگەڵ ئەو دەنگۆیانەی باس لەبوونی کێشەی زۆر لەنێو یانەکەدا دەکەن، لەنێوان زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، راوێژکاری یانەکە و سێرجیۆ کۆنسێساوی راهێنەری یانەکە لەماوەی رابردوودا.
 
شکستە بەردەوامەکانی میلان، هاندەرانی یانەکەی بەجۆرێک لە تیپەکە و دەستەی کارگێڕییەکەی تووڕەکردووە.
 
ژمارەیەک هاندەری یانەکە لەسەرەتای دەستپێکردنی یاریی تیپەکەیان بەرامبەر لازیۆ، لە بەشی باشووری یاریگەی سانسیرۆ کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان بەرامبەر سیاسەتەکانی یانەکە دەربڕی.
 
هاندەرە تووڕەکانی میلان، دروشمی پێویستیی دەستلەکارکێشانەوە و رۆیشتنیان بەڕووی جیری کاردینالی، خاوەنی یانەکە بەرزکردەوە و داوایانکرد یانەکە بفرۆشێت.
 
لە کۆتاییەکانی وەرزی رابردووشدا، هاندەران هەمان رێوشوێنیان لە دژی بەرپرسانی یانەکە گرتە بەر. کارگێڕیی یانەکە ناچاربوو ژمارەیەک گرێبەست لە هاوینی رابردوو و زستانی ئەمساڵدا ئەنجام بدات، بەڵام ئەنجامەکانی یانەکە بەرەو خراپتر چوون.
 
هاندەرە تووڕەکانی میلان، بڕیاری بایکۆتکردنی یارییەکانی یانەکەیان داوە و سوورن لەسەر داواکارییەکانی گۆڕانکاریی گەورە لە یانەکە و دروستکردنەوەی تیپێک توانای رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی هەبێت لە سێری ئا.
 
رۆژنامەی 'لاگازێتا دیلۆ سپۆرت' دەڵێ، کارگێڕیی یانەکە بەدوای دەستنیشانکردنی بەڕێوەبەرێکی نوێی وەرزشییەوەیە، هەروەها لیکۆڵینەوە لە ئەگەری دوورخستنەوەی کۆنسێساوی راهێنەر دەکات، لەبەرئەوەی تیپەکە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و هەموو شتێک لە پاشەکشەدایە.