گواردیۆلا یاریزانێکی ریال مەدرید دەکاتە بەردی بناخەی دروستکردنەوەی مانچێستەر سیتی
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، کارگێڕیی یانەی مانچێستەر سیتی، گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرەیەکی دیاری یانەی ریال مەدرید دەکاتە ئامانج، چونکە پێپ گواردیۆلای راهێنەر ئەو یاریزانە بە چارەسەری تیپەکەی دەزانێت.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پێپ گواردیۆلا، بەڕێوەبەری تەکنیکی تیپەکە، بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری زۆر لە پێکهاتەی مانچێستەر سیتیدا، ئەو راهێنەرە چاوی بڕیوەتە تواناکانی ئەستێرەیەکی ریال مەدرید و پێیوایە ئەو یاریزانە دەبێتە بەردی بناخەی دروستکردنەوەی مانچێستەر سیتی.
مانچێستەر سیتی ئەم وەرزە دۆخێکی زۆر خراپی لەژێر سەرکردایەتی گواردیۆلادا بەخۆیەوە بینیوە، چونکە تیپەکە بە کۆکردنەوەی 47 خاڵ پلەی چوارەمی ریزبەندیی پرێمەرلیگی گرتووە، کە 14 بردنەوە و 8 دۆڕاندن و 5 یەکسانبوونی هەیە. لە چامپیۆنزلیگیش دەرکرا و نەیتوانی بگاتە قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە.
لەماوەی رابردوودا مانچێستەر سیتی پەیوەندی بە گواستنەوەی چەند یاریزانێکی یانەی ریال مەدریدەوە هەبوو، دیارترینیان رۆدریگۆ گۆس بوو، بەڵام راپۆرتەکان تیشکیان خستووەتە سەر یاریزانێکی دیکە لۆس بلانکۆس کە ئامانجی سەرەکی یانە ئینگلیزییەکەیە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی madrid-barcelona یەکێک لەو پۆستانەی کە مانچێستەر سیتی رووبەڕووی کێشەی گەورە کردووەتەوە گۆڵپارێزە، بەو پێیەی پێیوایە دەتوانێت لە رێگەی گرێبەستێکی گرنگەوە ئەو پێگەیەی باشتر بکات و گواردیۆلاش پێیوایە چارەسەری ئەو خاڵە لاوازەی لە ریال مەدریدە، بۆیە دەیەوێت ئاندرێ لۆنینی گۆڵپارێزی ئەو یانەیە بگوازێتەوە تیپەکەی و لەوەوە پرۆسەی نوێکردنەوەی تیپەکەی دەستپێبکات.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئیدرسۆنی گۆڵپارێزی ئێستای مانچێستەر سیتی، ئاستی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، یانەکەش ئامادەیە پرۆسەی گۆڕین و نوێکردنەوە لە پۆستی گۆڵپارێزدا ئەنجام بدات.
روونیشیکردووەتەوە، گواردیۆلا وەرزی داهاتوو پۆستی گۆڵپارێزی سەرەکی بۆ مانچێستەر سیتی پێشکەش بە لونین دەکات، کە خۆیشی دەیەوێت کورسیی یەدەگی مێرێنگێ جێبهێڵێت، چونکە ئەو دەیەوێت یاری بکات و پێناچێت تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیکی وا بەئاسانی پێگەی سەرەکی لەدەستبدات، بەو پێیەی لونین لەم وەرزەدا تەنیا 3 یاری لە لالیگا ئەنجامداوە.
لونین بەگرێبەستێک پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە هەیە و ماوەی گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2030 بەردەوام دەبێت، بەڵام راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یانە ئیسپانییەکە لەوانەیە رێگەی پێبدات بەبڕی 30 ملیۆن یۆرۆ بڕوات.
پێشبینی دەکرێت مانچێستەر سیتی لە مێرکاتۆی هاوینەی 2025ـدا پڕۆسەیەکی گەورە بۆ نوێکردنەوەی تیپەکەی دەستپێبکات، راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە یانەکە بە یەکجار 7 یاریزان پێشکەش دەکات بۆ فرۆشتن.