خێتافی بە مووشەکێک مەدریدی هەژاند؛ ریال مەدرید نوقمی قەیران دەبێت و تووڕەیی دەگاتە لووتکە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید لە یاریگەی خۆیدا تووشی دۆڕانێکی چاوەڕواننەکراو بوو، زیاتر لە بارسێلۆنای پێشەنگی ریزبەندی لالیگا دووردەکەوێتەوە و بح یاریی داهاتووش گورزی گەورەی بەرکەوت.
ریال مەدرید لە گەڕی 26ـی لالیگادا، لە یاریگەی خۆی بەرامبەر خێتافی یارییکرد و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕاند.
لە خولەکی 39 مارتن ساتریانۆ بەلێدانێکی بەهێز گۆڵێکی زۆر جوانی تۆمارکرد و خێتافی پێشکەوت.
لە نیوەی دووەمدا، سەرەڕای هەوڵە زۆرەکانی ریال مەدرید بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لە راستکردنەوەی ئەنجامەکە.
لە خولەکی 95 فرانکۆ ماستانتونۆ بە کارتی سوور لە ریال مەدرید کرایە دەرەوە، دوای دوو خولەک ئەدریان لیسۆ، یاریزانی خێتافی بەهەمان شێوە بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
خێتافی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەرامبەر ریال مەدرید بەدەستهێنا، ئەمە یەکەم بردنەوەی خۆسێ بۆردالاس، راهێنەری خێتافییە بەرامبەر ریال مەدرید، لەکاتێکدا 17 جار بەرامبەر ئەو یانەیە یارییکردووە، 14 دۆڕان و 2 یەکسانبوونی هەیە.
دوای چوار ساڵ و ئەنجامدانی 10 یاری، یەکەمجارە خێتافی لە ریال مەدرید دەباتەوە.
دوای 18 ساڵ یەکەمجارە خێتافی لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆدا لە ریال مەدرید دەباتەوە، دوایین بردنەوەیان لە ساڵی 2008 بوو و ئەو کاتەش 1-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، 12 یارییە راهێنەرایەتیی ریال مەدرید دەکات، 4 یاریی دۆڕاندووە، پێشتر ئەلۆنسۆ لە 34 یارییدا راهێنەری ریال مەدرید بوو تەنیا 6 یاریی دۆڕاند.
دوو یارییە لەسەریەک ریال مەدرید دەدۆڕێت، پێشتر لەگەڵ ریال مەدرید ئەلۆنسۆ هەرگیز دوو یاریی بەسەریەکەوە نەدۆڕاند.
کێشەی گەورەی ریال مەدرید
بەهۆی ئەو دۆڕانە چاوەڕواننەکراوەی تووشی بوو و ئەو رووداوانەی لە یارییەکەدا روویاندا، یانەی ریال مەدرید بۆ یاریی داهاتووی بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ لە تواناکانی چەند یاریزانێکی بێبەش دەبێت.
هەریەکە لە ئەلڤارۆ کارێراس و دین هاوسن، لە یارییەکەدا کارتی زەردیان وەرگرت و لە یاریی داهاتوودا بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکانەوە یاریی ناکەن.
فرانکۆ ماستانتونۆ لە یارییەکەدا کارتی سووری وەرگرت، بەپێی راپۆرتی ناوبژیوان، یاریزانەکە بە ناوبژیوانی گوتووە "شەرمەزارییە، شەرمەزارییە بۆ چاوەکانت" بۆیە ئەگەری هەیە یاریزانەکە زیاتر لە یارییەکە سزابدرێت.
جگە لەوەش هەریەکە لە ئێدێر مێلیتاو، دانی سێبایۆس و کیلیان ئێمباپێ پێکانیان هەیە و بەشداری لەو یارییەدا ناکەن، ئەگەری بەشداریکردنی راول ئاسێنسیۆش لە یارییەکە زۆر لاوازە.
هێرشی میدیایی بۆ سەر ریال مەدرید
میدیای مەدرید رەخنەی تووند لە یانەی ریال مەدرید دەگرێ، بەهۆی ئەو دۆڕانە چاوەڕواننەکراوەی تووشی بوو و دووەم دۆڕانی لەسەریەک لە خولەکەدا.
رۆژنامەی ئەی ئێس نووسیوویەتی "ئەم مەدریدە، بەس نییە، دۆڕان بەرامبەر خێتافی و دوورکەوتنەوە بە جیاوازیی 4 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەند، ڤینیسیۆس بە تەنیا بەس نییە و گۆڵەکەی ساتریانۆ شاهانەکانی خست."
رۆژنامەکە نووسیوویەتی "36 خاڵ ماون، ئایا شۆڕشێک دەبینین، یان وەرزەکە لەدەستدەدەین."
رۆژنامەی مارکای مەدریدی نووسیوویەتی "دۆڕانێکی نوێ بۆ ریال مەدرید لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەرامبەر خێتافی، بە گۆڵێکی بێبەرامبەر، یارییەکە ئابڕووچوونێکی دیکەیە، بارسێلۆنا پێشکەوت و بە جیاوازیی 4 خاڵ لە پێشەنگە."
رۆژنامەکە دەڵێت "لەنێو تووڕەیی هاندەراندا رەخنە لە کارگێڕی و یاریزانانی ریال مەدرید دەگیرێ."
دوای یارییەکە و دۆڕانیان بەرامبەر خێتافی لە یاریگەی خۆیان، بەشێکی هاندەرانی ریال مەدرید فیکەی ناڕەزایەتییان لە دژی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە لێدەدا و بەیەک دەنگ هاواریان دەکرد، دەستلەکاربکێشەوە، دەستلەکاربکێشەوە.