ڤیدیۆ؛ هەڵبژاردەی خانمانی ئێران ئامادەنەبوون سروودی نیشتمانی بڵێنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی ئێران، لە یەکەم یارییاندا لە جامی ئاسیا کە رکابەرییەکانی لە ئوسترالیا بەڕێوەدەچێت، ئامادەنەبوون سروودی نیشتمانی وڵاتەکەیان بڵێنەوە.
 
هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی ئێران لە یەکەم یارییاندا لە شاری گۆڵد کۆست بەرامبەر کۆریای باشوور یارییانکرد و یارییەکەیان بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕاند.
 
ئەوەی بۆ هەمووان سەرنجڕاکێش بوو، بەر لە دەستپێکی هەموو یارییەک لەسەر ئاستی هەڵبژاردە نیشتمانییەکان، یاریزانەکان دەوەستن و بەیەکەوە سروودی نیشتمانی وڵاتەکەیان دەڵێنەوە، بەڵام یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران دوای ئەو هێرشانەی لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە کرانە سەر وڵاتەکەیان ئامادەنەبوون سروودی نیشتمانی وڵاتەکەیان بڵێنەوە.
 
جگە لەوەش لە یارییەکەدا هیچ ئاماژەیەکی دڵتەنگی و خەمباری بە یاریزانان و تیمی دەستەی هونەرییەوە دیار نەبوو، بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر وڵاتەکەیان.
 
دوای یارییەکە لەبارەی ئەو رووداوانەی لە ئێران روویانداوە، پرسیار لە مەرزیە جەعفەری، راهێنەری تیپی تۆپی پێی خانمانی ئێران کرا، بەڵام ئەو ئامادەنەبوو لەو بارەیەوە قسە بکات و وەڵامی رۆژنامەڤانان بداتەوە.
 
سرووی نیشتمانی ئێران ناوی (مێهری خاوەران)ـە و لە ساڵی 1990 وەکو سروودی نیشتمانی پەسەندکراوە، بەڵام یاریزانانی هەڵبژاردەی خانمانی وڵاتەکە دیارە هێزیان لە رووداوەکانی وڵاتەکەیان وەرگرتووە بۆیە ئامادەنەبوون سروودەکە بڵێنەوە.
 
ئەوەی ئەمجارە روویدا زۆر جیاوازتر بوو لە شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل کە ئەو کاتەش تیپی خانمان یارییاندەکرد و هەمووان سڵاویان بۆ ئاڵای وڵاتەکەیان کرد و سردووی نیشتمانیان گوتەوە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، یاریزانانی تیپی خانمانی هەڵبژاردەی ئێران بەر لەوەی بۆ پاڵەوانێتییەکە بچنە ئوسترالیا رێنوێنی کرابوون کە رژێمی ئێران شەرمەزار نەکەن، بەڵام ئەوان هەر ئامادەنەبوون سروودی نیشتمانی وڵاتەکەیان بڵێنەوە.
 
چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، رەنگە تاوەکو یاریی داهاتوویان کە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوسترالیا یاریی دەکەن یاریزانەکان پێویست نەکات بە باڵاپۆشییەوە یاریی بکەن.