ناکۆکییەکانی نێوان کڵۆپ و رێدبوڵ زیاتر پەرە دەسێنێت


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشكرایانکردووە، ناکۆکییەکانی نێوان یۆرگن کڵۆپ و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای رێدبوڵ زیاتر پەرەی سەندووە، ئەوەش سەرەتایەکە بۆ گەڕانەوەی ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە بۆ کاری راهێنەرایەتی و مەشقدانی ریال مەدریدی ئیسپانی لە وەرزی داهاتوودا.
 
پێشتر چەند سەرچاوەیەکی جیاواز گوتبوویان، کڵۆپ بژاردەی دڵخوازی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدریدە، بۆ مەشقدانی یانەکە لە وەرزی داهاتوودا.
 
کڵۆپ لە دوای بەجێهێشتنی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزییەوە، بووەتە بەڕێوەبەری پەرەپێدانی تۆپی پێ لە گرووپی کۆمپانیاکانی رێدبوڵ. چەندجارێک گەڕانەوەی بۆ کاری راهێنەرایەتی رەتکردووەتەوە.
 
رۆژنامەی 'لیکیپ'ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، یۆرگن کڵۆپ لە بەجێهێشتنی پۆستەکەی لە کۆمپانیا جیهانییەکە زۆر نزیکە، لە کاتێکدا تەمەنی کارکردنی لەگەڵی تەنیا 14 مانگە.
 
کڵۆپ، لە مانگی یەکی 2025 لەگەڵ رێدبوڵ دەستی بەکارکرد لەگەڵ رێدبوڵ.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، "لەماوەی رابردوودا، ناکۆکی قووڵ لەنێوان ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە و بەرپرسانی کۆمپانیاکەدا سەریهەڵداوە، ئەوەش وایکردووە کە ئەو راهێنەرە کۆدەنگیی پشتگیریی لەنێو بەرپرسانی کۆمپانیاکەدا لەدەست بدات".
 
پەرەسەندنەکانی ناکۆکیی نێوان کڵۆپ و بەرپرسانی رێدبوڵ، وەکئەوەی رۆژنامە فەرەنسییەکە ئاشکرایکردووە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەرپرسەکانی کۆمپانیاکە، پێیانوایە ئەو دوو یانەیەی موڵکداریی دەکەن، دەبوو بەسەرپەرشتی ئەو راهێنەرە، باشتر ببن و گەشە بکەن.
 
هەمان رۆژنامە دەڵێ هەردوو یانەی لایپزیگی ئەڵمانی و سالزبۆرگی نەمساوی، راستەوخۆ لەلایەن یۆرگن کڵۆپەوە سەرپەرشتی دەکرێن، لە کاتێکدا هەردوو یانە، بەشێکن لە دامەزراوە وەرزشییە گەورەکەی رێدبوڵ.
 
بەپێی رۆژنامەکە، هاوینی رابردوو، یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی کڵۆپی 58 ساڵان، دەستنیشانکردنی ئۆلی ڤێرنەر بووە بە راهێنەری لایپزیگ، بەڵام ئەنجامەکان وەک پێویست لە تیپەکەدا بەدەستنەهاتوون.
 
لایپزیگ ئێستا لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی بۆندێسلیگای ئەڵمانیایە و تەنیا 10 گەڕ ماوە بۆ تەواوبوونی خولەکە، لە کاتێکدا یانەکە 19 خاڵی تەواو لە بایرن میونشنی پێشەنگەوە دوورە.
 
سەرچاوەیەکی دیکەی گوشاری بەرپرسانی رێدبوڵ لە کڵۆپ، چوونە دەرەوەی یانەی سالزبۆرگە لە قۆناخی یەکەمی یۆرۆلیگ، لە کاتێکدا پێشبینیدەکرا ئەو یانەیە، چەندین قۆناخی دیکەی پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکە ببڕێت.
 
لە بەرامبەر هەموو ئەم هەواڵانەدا، ریال مەدرید وەرزێکی خراپ لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان تێدەپەڕێنێت. یانەکە بەهۆی ئەنجامی خراپەوە، چابی ئەلۆنسۆی لە مەشقدانی تیپەکە دوورخستەوە و ئەلڤارۆ ئەربێلوا شوێنی گرتەوە. بەڵام ئەربێلوا رووبەڕووی گوشاری زۆر بووەتەوە، پاشئەوەی تیپەکەی پێشەنگی ریزبەندی لالیگای لەدەستدا و ئێستا بەجیاوازیی چوار خاڵ لە دوای بارسێلۆنای پێشەنگ دێت.