فلیپی لویس دوایین یاریی 8-0 بردەوە و دوورخرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی فلامینگۆی بەرازیلی، دوای چەند کاژێرێکی کەم لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی گەورە لە جامی کاریۆکادا، فیلیپی لویس، راهێنەری یانەکەی بەشێوەیەکی کتوپڕ لە کارەکەی دوورخستەوە.
 
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، یانەی فلامینگۆ بە ئەنجامێکی مێژوویی و بە 8-0 سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی مادوورێرا بەدەستهێنا و گەیشتنە یاریی کۆتایی جامی کاریۆکا، بەڵام دوای چەند کاژێرێکی کەم لەو یارییە و بردنەوە مێژووییەکە، یانەی فلامینگۆ دوورخستنەوەی فیلیپی لویس، راهێنەری یانەکەی راگەیاند.
 
یانە بەرازیلییەکە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت " لە ئەمڕۆ سێشەممەوە فیلیپی لویس، لە ئەرکی راهێنەرایەتیکردنی تیپەکە بەردەوام نابێت، لەگەڵ ئەویشدا ئیڤان پالانکۆ، یاریدەدەری راهێنەر، دیۆگۆ لینهارێس، راهێنەری توانای جەستەیی لە یانەکە دەڕۆن."
 
فلامینگۆ لە راگەیێنراوەکەیدا سوپاسی یاریزان و راهێنەری پێشووی دەکات و دەڵێت "سوپاسی یاریزانی پێشوو و راهێنەر فیلیپی لویس دەکەین، بۆ هەموو ئەو دەستکەوت و ساتانەی لەم گەشتەدا بەیەکەوە بووین، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین لە وێستگەکانی داهاتووی ژیانیدا."
 
بڕیاری دوورخستنەوەی لویس لە راهێنەرایەتیی فلامینگۆ دوای ئەو ناڕەزایەتییە زۆرەی هاندەران هات کە لە سەرەتای وەرزەوە هەیانبوو، بەتایبەت کە یانەکە لە ئاستێکی چاوەڕوانکراودا نەبوو و ئێستا لە خولی بەرازیل تیپەکە لە دوای سێ یاری تەنیا یەک بردنەوەی هەیە و ئێستا لە پلەی یازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
چیرۆکی فلیپی لویس لەگەڵ فلامینگۆ چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشە، ئەو لە 2023 بەیەکجاری وازی لە یارییکردن هێنا، لە 2024 بووە راهێنەری تیپی خوار 20 ساڵی فلامینگۆ و نازناوی جامی جیهانی بردەوە، پاشان لە مانگی 9ـی هەمان ساڵدا کرایە راهێنەری تیپی یەکە، نازناوی جامی بەرازیل، جامی سوپەری بەرازیل، جامی کاریۆکا، جامی لیبەرتادۆرێس و خولی بەرازیلی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێنا و مێژووییەکی گەورەی بەناوی خۆیەوە لە فلامینگۆ تۆمارکرد.