بڕیارێک لە ریال مەدریدەوە بۆ هەموو یاریزانان
رووداو دیجیتاڵ
دوای دۆڕانە چاوەڕواننەکراوەکەیان بەرامبەر خێتافی لە رکابەرییەکانی لالیگادا، یانەی ریال مەدرید رێککارێکی بەپەلە لە بەرامبەر یاریزانەکانی دەگرێتەبەر.
شەوی دووشەممە ریال مەدرید لە ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراودا، لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە یانەی خێتافی دۆڕا و یارییەکە کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکی گەورەی لەسەر ئاستی هاندەران و میدیای مەدرید بەدوای خۆیدا هێنا.
رۆژنامەی مارکای نزیک لە ریال مەدرید نووسیوویەتی "بەپێی راپۆرتەکانی نێو ریال مەدرید، یانەکە بڕیاریداوە هیچ یاریزانێک بۆی نییە بە ناوچەی تێکەڵاودا تێبپەڕێت، بۆ ئەوەی هیچ چاوپێکەتنێکی مێیدیایی نەکەن و بەهیچ شێوەیەک لێدوانی رۆژنامەڤانی نەدەن."
ئەمەش وەکو رێککارێک بۆ رێگریکردن لە هەر لێدوانێک کە کاریگەریی زیاتر بکاتە سەر بارودۆخی یانەکە، لەکاتێکدا ئێستا تیپەکە دوو یارییە لەسەر دەدۆڕێت و لە دۆخێکی خراپدایە.
ریال مەدرید دوای ئەو دۆڕانەی لە یاریگەی خۆیدا تووشی بوو، بە جیاوازیی چوار خاڵ کەوتە دوای بارسێلۆنا و لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە.
بەهۆی ئەو دۆڕانەی تووشی بوو، میدیای مەدرید رەخنەی زۆر لە کارگێڕیی و یاریزانانی یانەکە دەگرن، بەشێکی هاندەرانی یانەی ریال مەدریدیش داوای دەستلەکارکێشانەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە دەکەن.
رادیۆی کادێنا سێری ئیسپانی دەڵێت "یاریزانانی ریال مەدرید بەتەواوی وێران بوون و هەست بە سەرلێشێواویەکی قوڵ دەکەن، دوای ئەو دۆڕانەی تووشی بوون."