دەمەقاڵێی نێوان یاریزانانی ریال مەدرید لەدوای دۆڕان بە خیتافی ئاشکرابوو
رووداو دیجیتاڵ
نهێنی شۆکهێنەری دەمەقاڵێی یاریزانانی ریال مەدرید لە ژووری جلگۆڕیندا لەدوای دۆڕانەکەی بەرامبەر خیتافی ئاشکرابوون.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کردووە کە گرژییەکان لەنێو ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید بە تووندی زیادی کردووە، ئەمەش دوای شکستە چاوەڕواننەکراوەکەی دوێنێ دووشەممە بەرامبەر خیتافی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
ئەمە دووەم شکستی لەسەریەکی تیپەکەیە لە لالیگا دوای دۆڕانی پێشوویان بەرامبەر ئوساسۆنا بەئەنجامی 2-1 ئەمەش بووەتە هۆی ئاڵۆزبوونی ململانێکانیان لەگەڵ بارسێلۆنا لەسەر نازناوی خولەکە.
جیاوازی نێوان یانە شاهانەییەکە و بارسێلۆنای پێشەنگ بۆ 4 خاڵی تەواو زیادی کردووە، لەکاتێکدا نیشانە نەرێنییەکان زاڵن بەسەر ئاستی تیپەکەدا. جارێکی دیکە فیکەی ناڕەزایەتی هاندەران بیسترا. هەروەها دڵەڕاوکێیەکی زۆر هەیە سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوە سەختە چاوەڕوانکراوەکەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ.
رۆژنامەنووسی بەنێوبانگ ئێدو ئاگێری، لە بەرنامەی ئێل چێرینگیتۆی ئیسپانی، بوونی گرژییەکی زۆری لە پشت دەرگا داخراوەکان پشتڕاستکردەوە و گوتی "کەسانێکی زۆر لە ژووری جلگۆڕیندا هەن کە زۆر هەستیارن و بە کەمترین قسە تووڕە دەبن؛ واتا ئەگەر یەکێک دەنگی بەرز بکاتەوە یان تێبینییەک ئاراستەی هاوڕێکەی بکات، ئەوی دیکەیان لە تووڕەییدا دەتەقێتەوە و بە تووندی وەڵام دەداتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی دەماقاڵێیەکی تووند لەنێوا یاریزاناندا".
ئاگێری لە درێژەی وردەکارییەکاندا گوتی "ئەوەی ئێستا روودەدات ئەوەیە؛ کاتێک یەکێک لە سەرکردەکانی تیپەکە لەنێو ژووری جلگۆڕین دەنگی بەرز دەکاتەوە، دەستبەجێ پریشکی شەڕەکە هەڵدەگیرسێت بە وەڵامگەلێکی وەک "تۆ لە من خراپتری". جێگەی نیگەرانییە کە لە ژووری جلگۆڕیندا دوو یان سێ سەرکردە نین کە بتوانن کۆتایی بە کێشەکان بهێنن و بارودۆخەکە یەکلایی بکەنەوە، گرژییەکی راستەقینە لە ئارادایە".
ئەو دەشڵێت "ریال مەدرید وەرزێک بەڕێدەکات کە وەک یاریی 'شەمەندەفەری مەرگ' هەوراز و نشێو وایە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی جێگیری و پتەوی لە ئەنجامەکاندا، کە خەریکە کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر یەکگرتوویی یاریزانەکان".