نوێترین هەواڵ لەسەر پێکانەکەی عوسمان دێمبێلی
رووداو - هەولێر
لەکاتێکدا هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا چاوەڕێی گەڕانەوەی بۆ نێو یاریگەکان دەکەن، بەڵام پێناچێت عوسمان دێمبێلی، ئەستێرەی فەرەنسی یانەکە لە کاتێکی نزیکدا بگەڕێتەوە.
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی نوێترین هەواڵی لەسەر پێکانی ئەو یاریزانە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، هەنگاوەکانی گەڕانەوەی دێمبێلی زۆر هێواشن، ئەو یاریزانە بۆ بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید ئامادەنابێت کە رۆژی شەممە لە لالیگادا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
رۆژنامەکە دەشڵێت، رۆژی دووشەممە دەست بە راهێنانە بە کۆمەڵەکان دەکاتەوە و یەکێک دەبێت لە یاریزانە بانگهێشتکراوەکان بۆ یاریی بەرامبەر مانچێستەر یونایتد، بەڵام بۆ ئەو یارییەش بەشێوەی سەرەکی بەشداری ناکات و ئەگەری هەیە لە گێمی دووەمدا بەشداربێت.
ئەی ئێس ئەوەشی ئاشکراکردووە، رۆژی سێشەممە دوای ئەنجامدانی راهێنانەکانی نێو یاریگەی ئۆڵدترافۆرد، ئێرنێستۆ ڤالڤێردی بڕیاری خۆی دەدات کە بەشێوەی سەرەکی پشت بەو یاریزانە دەبەستێت یان نا.