ڤیدیۆ؛ یاریکردنی مێسی بەرامبەر مۆنتێری یەکلایی نەبووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

دوێنێ سێشەممە لیۆنێل مێسی لەگەڵ تیپی ئینتەرمەیامی گەڕایەوە مەشق و راهێنانەکان، بەڵام هێشتا جیراردۆ مارتینۆی راهێنەر گومانی لە ئەگەری بەشداریکردنی یاریزانە ئەرجەنتینییەکە لە یارییەکەی بەرامبەر مۆنتێری مەکسیکی هەیە، کە بەرەبەیانی سبەی لە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی کۆنکاکاف بەڕێوەدەچێت.
 
مێسی تەمەن 36 ساڵ لە سێزدەی مانگی ئادارەوە لەگەڵ تیپەکەدا یاری نەکردووە بەهۆی ئەوەی تووشی گوشاری ماسوولکەکانی قاچی راستی بووە لە یاریی گەڕانەوەی تیپەکە لە قۆناخی 16ـی جامی پاڵەوانەکانی کۆنکاکاف بەرامبەر ناشڤیل.
 
مێسی بۆ یانە ئەمەریکییەکە گرنگییەکی زۆری هەیە، بەو پێیەی لە ئامادەنەبوونی ئەودا لە سێ یاریدا یانەکە تووشی دوو دۆڕان بووە، لە کاتێکدا لە پێنج یارییدا تووشی هیچ شکستێک نەبووە کاتێک مێسی یاری کردووە.
 
جگە لە ئامادەنەبوونی مێسی، ئینتەرمەیامی لە تواناکانی چەندین یاریزانی دیکەی بێبەش دەبێت بەهۆی تووشبوونیان بە پێکان، کە بریتین لە بنیامین کرێماچی، فێدریکۆ ریدۆندۆ، فاکۆندۆ ڤاریسا، سێرهی کریستڤ، یان فرای، رۆبی رۆبنسن و نیکۆلاس فرێری.
 
تاتا مارتینۆ، راهێنەری ئینتەرمەیامی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر مۆنتێری مەکسیکی،  باسی لەوە کرد کە فێرێر، کە یاریزانێکی ئەرجەنتینییە و لە سەرەتای وەرزەوە لە یانەی پوماسی مەکسیکییەوە پەیوەندی بە تیپەکەوە کردووە، لەگەڵ لیۆنێل مێسی ئەگەری هەیە لە یارییەکەی بەرامبەر مۆنتێری یاری بکەن.