زاخۆ بە درەوشانەوەی ئاسۆ رۆستەم سێ خاڵی گرنگی لە ئەمانە وەرگرت



رووداو دیجیتاڵ

زاخۆ سەرکەوتنێکی گرنگی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی توانی بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لە ئەمانەی بەغدا بباتەوە.
 
لە یارییەکانی گەڕی 26ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، زاخۆ بووە میوانی ئەمەنی بەغدا. هەر لەگەڵ دەستپێکردنی یارییەکە و لە خولەکی دووی یارییەکە، ئاسۆ رۆستەم وەڵامی رەخنەکانی دایەوە و گۆڵی پێشکەوتنی بۆ زاخۆ تۆمارکرد. دوای ئەوە هێرشەکانی هەردوولا بەردەوام بوون، تاوەکو لە خولەکی 15دا ئەیمەن رەزیج سوودی لە لێدانێکی کۆڕنەر وەرگرت و بە سەر گۆڵێکی نایابی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی بۆ ئەمانە یەکسانکردەوە.
 
زاخۆ بەو ئەنجامە رازی نەبوو و گوشارەکانی بۆ سەر گۆڵی خاوەن ماڵ چڕکردەوە، پێش کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم و بە ئەسیستێکی نایابی ئاسۆ رۆستەم، ماتیۆس لۆکاس یەکەم گۆڵی خۆی بە درێسی زاخۆ تۆمارکرد و تیپەکەی پێشخستەوە.
 
لە نیوەی دووەمدا، هەوڵی هەردوولا بۆ گۆڕینی ئەنجامەکە بەردەوام بوو و چەندین هێرشی مەترسیدار کرانە سەر گۆڵی یەکدی، بەڵام ئاستبەرزی گۆڵپارێزان رێگر بوو لەوەی گۆڵی دیکە تۆماربکرێت. یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتاییهات و ئاسۆ رۆستەم بە تۆمارکردنی گۆڵێک و دروستکردنی گۆڵێکی دیکە، وەک باشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا.
 
ئەم سەرکەوتنە بۆ زاخۆ گرنگییەکی زۆری هەبوو، ئێستا بە 46 خاڵ لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی دێت و کێبڕکێ لەسەر پلەکانی پێشەوەی خولەکە دەکات.