واندا میترۆپۆلیتانۆ جەنگی رۆخی بلانکۆس و گەنەرز یەکلاییدەکاتەوە



رووداو - هەولێر

یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی یورۆپالیگ ئەنجامدەدرێن و دوو یانەی یاریی کۆتایی خولەکە ئاشکرادەبن.

یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی دوای ئەوەی لە یاریی چووندا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە گۆڵێک یەکسانبوو، لەنێو یاریگە و هاندەرانی میوانداری یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی دەکات.

لە یارییەکەدا دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانە ئیسپانییەکە دەیەوێت لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و خۆی بگەیێنێتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بەر لە یارییەکە سیمیۆنی گوتی، رەنگە هەموو شتێک خراپ بێت و یاریزانی تەواوم لەبەردەستدا نەبێت، من دڵتەنگم بۆ ئەمە و پێویستە چاک بکرێت، بەڵام باشترە بێدەنگ بم ئێستا، ئێمە دەمانەوێت هاندەران یاریزانەکان بە جۆش و خرۆش بکەن، بۆ ئەوەی گڕوتینیان زیاتر بێت، ئێمە هاندەری راستەقینەمان دەوێت، دەمانەوێت یارییەکی گەورە ئەنجامبدەین، بە دڵنیاییەوە یانەی رکابەرمان زۆر مەترسیدارن، یاریزانی ئاستبەرزیان هەیە، ئەمەش یارییەکە جوانتر دەکات.



لەبەرامبەر ئارسێن ڤینگەر، بەڕێوەبەری هونەری ئارسیناڵ گوتی، سیمیۆنی کەسایەتییەکی تایبەتی هەیە، ئەو لە کارەکەیدا سەرکەوتوو بووە و دەیەوێت پاڵەپەستۆ لەسەر یانەکەی درووستبکات، لە زۆربەی کاتیشدا سەرکەوتوو بووە، لە یاری رابردوودا کرایە دەرەوە، ئەمەش پەیوەندی تەنیا بە ناوبژیوانەوە هەیە نەک من، سەبارەت بە دیێگۆ کۆستا، ئەو لە ئینگلتەرا یاریکردووە و دەتوانێت ئەنجام بگۆڕێت، ئێمەش ئەوەی لەسەرمانە دەمانەوێت رایبگرین و نەهێڵین گۆڵ تۆماربکات.

یاریی دووەمی ئەمشەوی قۆناخی پێشکۆتایی یورۆپالیگ لە نەمسا دەبێت، کاتێک یانەی رێدبوڵ سالزبورگی نەمسایی لەنێو یاریگە و هاندەرانی میوانداری مارسیلیای فەرەنسی دەکات، یاریی چوون لەنێوان هەردوو یانە لە فەرەنسا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی مارسیلیا کۆتاییهاتووە و یانەکە نزیکە لە گەیشتن بە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.