ڤیدیۆ؛ یاریزانە کوردەکەی پرێمەرلیگ

03-05-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
دەنیز ئونداڤ
دەنیز ئونداڤ
نیشانەکردن دەنیز ئونداڤ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێگەیەکی سەختی بڕی و لە تەمەنی لاوێتیدا رەتکرایەوە، بەڵام ئێستا لە پرێمەرلیگدا دەدرەوشێتەوە، چیرۆکی سەرنجڕاکێشی هێرشبەرێکی کوردی تازە دەرکەوتوو لە پرێمەرلیگدا.
 
دەنیز ئونداڤ، هێرشبەرێکی لاوە، تەمەنی 26 ساڵە، خۆی لە ئەڵمانیا لە دایکبووە و بەرەچەڵەک خەڵکی شاری روهای باکووری کوردستانە و لە ماڵباتێکی کوردە.
 
ئونداڤ هەر لە منداڵییەوە حەزێکی زۆری بۆ یاریی تۆپی پێ هەبووە، لە تەمەنی 14 ساڵیدا چووە ئەکادیمیای یانەی ڤێردێر برێمەنی ئەڵمانی، هەر زوو هەمووان پێیان وابوو ئەو گێرد مولەرێکی دیکەیە بۆ ئەڵمانیا هەڵکەوتووە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و لە ڤێردێر برێمەن دوورخرایەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وازی لە خەونەکەی نەهێنا.
 
تاوەکو دەچێتە تیپی میللی تی ئێس ڤی هاڤێڵس، لە کارگەیەک کاردەکات و هەفتانە 120 پاوەندی پێدەدرێت.
 
لەو تیپە میللییەدا ژمارەیەکی زۆری گۆڵ بۆ هاڤێڵس تۆماردەکات و لە 67 یارییدا 32 گۆڵی دەبێت، دوای ئەوە دەچێتە یانەکانی ئینتراخت براونچویک و ئێس ڤی ماپێن، لەوێشەوە ئاستە بەرزەکەی بەردەوامدەبێت و یانەی سانت جیلوازی بەلجیکی گرێبەستی لەگەڵ دەکات.
 
لە یانە بەلجیکییەکەدا هێرشبەرە کوردەکە درەوشایەوە، لە ماوەی دوو وەرزدا یاریزانەکە 43 گۆڵی لە 63 یارییدا بۆ یانەکە تۆمارکرد و وەرزی رابردوو بە 25 گۆڵ بووە گۆڵکاری خولی بەلجیکا و بەهۆی گۆڵەکانی یاریزانە کوردەکەوە سانت جیلواز گەیشتە یۆرۆپالیگ.
 
یانەی برایتنی ئینگلیزی بەرامبەر 6 ملیۆن پاوەند گرێبەستی لەگەڵ هێرشبەر کوردەکە واژۆکرد، ئێستا دێنیز لەو یانەیەدا یارییدەکات و لە دوایین یاریی یانەکەدا بەرامبەر ولڤەرهامپتن دوو گۆڵی تۆمارکرد و هەمووانی بەلای خۆیدا راکێشا، بەمەش دەبێتە ئەستێرەیەکی دیکەی کورد لە خولە گەورەکانی ئەوروپادا بدرەوشێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە