پێرێز تەلەفۆنی بۆ زیدان کردووە، وەڵامی زیدان چی بووە؟


رووداو دیجیتاڵ

بەپێی میدیای ئیسپانیا، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، تەلەفۆنی بۆ زینەدین زیدانی ئەفسانەی یانەکە کردووە، لەپێناو رازیکردنی بەگەڕانەوە بۆ مەشقدانی ریال مەدرید.
 
رۆژنامەی 'ئەی ئیس' ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی ریال مەدرید پەیوەندییان بە زیدانەوە کردووە لەپێناو گەڕانەوەی بۆ مەشقدانی یانەکە بۆ سێیەمجار لە کاروانی خۆیدا.
 
ئەو رۆژنامەیە دەڵێ، لە نێو ئەو بەرپرسانەدا کە پەیوەندییان بەزیزۆوە کردووە و قسەیان لەگەڵ کردووە، خودی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە هەبووە.
 
بەپێی 'ئەی ئێس' ریال مەدرید و بەرپرسەکانی، هەرزوو لە دەستنیشانکردنی چابی ئەلۆنسۆ بە راهێنەری یانەکە پاشگەزبوونەتەوە، بەر لە جامی سوپەری ئیسپانیا لە سعودیە ویستی دوورخستنەوەی ئەو راهێنەرەیان هەبووە، هەربۆیە پێرێز خۆی قسەی لەگەڵ زیدان کردووە، بۆ رازیکردنی بەگەڕانەوە بۆ یانەکە.
 
وەک رۆژنامەکە دەڵێ، زیدان داواکارییەکەی پێرێزی رەتکردووەتەوە، پێیڕاگەیاندووە کە ئەو رێکەوتنی زارەکی لەگەڵ بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا هەیە و لەدوای رۆیشتنی دیشام، مەشقدانی هەڵبژاردەکە وەردەگرێت.
 
ئەو رۆژنامەکە دەڵێ، وەڵامەی زیدان هۆکاربووە بۆ مانەوە و بەردەوامبوونی ئەلۆنسۆ لە مەشقدانی یانەکە تاوەکو کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا و شکستی ریال مەدرید بەرامبەر بارسێلۆنا.
 
ئەو رۆژنامەیە دەڵێ، ئێستاش زیزۆ بەربژێری دڵخوازی سەرۆکی ریال مەدریدە، بەڵام بەدیهێنانی ئەو خەونەی زۆر دوورە، چونکە هەموو بۆچوونەکان لەسەرئەوە کۆکن، شوێنگرەوەی دیشام لە فەرەنسا، زیدانە.
 
زیدان لەدوای رۆیشتنی دووەمجاری لە ریال مەدرید، لە هاوینی 2021 کەوتە ناکۆکییەوە لەگەڵ سەرۆکی ریال مەدرید، بەڵام دواتر ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا کۆتاییان هات و ئێستا ئەو راهێنەرە فەرەنسییە، بەبەردەوامی لە یارییەکانی ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، ئامادە دەبێت.