ریال مەدرید دەیەوێت جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ بارسێلۆنا لە 14ـەوە بۆ 11 کەمبکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

 

لە یارییەکدا کە هیوا بە لەدەستنەدانی نازناوی لالیگا بۆ بەرژەوەندی بارسێلۆنای رکابەریان لەسەدا تەنیا یەکە، ریال مەدرید لە گەڕی 34ـی لالیگادا لەسەر یاریگای ئاڕ سی دی ئی دەبێتە میوانی ئیسپانیۆل، بۆ ئەوەی لانیکەم یەکلابوونەوەی نازناوەکە دوابخەن و جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ بارسێلۆنا لە 14 خاڵەوە کەم بکاتەوە بۆ 11 خاڵ.
 
ئەمشەو یاریزانانی ئەلڤارۆ ئەربێلوا رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی دیکەی لالیگا دەبنەوە و بەدوای بردنەوەی 24ـەمی ئەم وەرزەی لالیگادا دەگەڕێن.
 
تەنیا پێنج گەڕ لە خولەکە ماوە، یارییەکەی ئەمشەو یەکەم یارییە لە دوو یاری لەسەریەک لە دەرەوەی یاریگای خۆی بۆ ریال مەدرید لە شاری بارسێلۆنا، کە دووەمیان دوای هەفتەیەک دەبێت بەرامبەر بارسێلۆنا، واتا 10ـی ئەم مانگە یاریی ئیل کلاسیکۆ لە کامپ نو بەڕێوەدەچێت.
 
مەدریدییەکان لە دۆخێکی قورسدان و  دووەم وەرز بەسەریەکەوە بەبێ نازناو کۆتایی پێدێنن، بۆیە هیچ پاڵنەرێکیان نییە بۆ بردنەوەی ئەم یارییە و ئەوانەی ماون، مەگەر بۆ دواخستنی پاڵەوانبوونی بارسا تێبکۆشن.
 
یاریزانانی میرینگێ سەرەڕای بێبەشبوون لە توانای چەندین هاوڕێی کاریگەریان، لەسەرووشیانەوە کیلیان ئێمباپێ دەیانەوێت بەسەرکەوتنێک لە بارسێلۆناوە بگەڕێنەوە مەدرید بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتووش بەنیازی سەرکەوتنە گەورەکەی کلاسیکۆ بگەڕێنەوە شارەکە، هیچ نەبێت ئەوکات دەتوانن بڵێن ئەگەر نازناوەکەشمان لەدەستدابێت هەردوو کلاسیکۆی لالیگامان لە بارسێلۆنا بردووەتەوە.
 
هەرچۆنێک بێت کلاسیکۆ لە هەموو بارودۆخەکاندا گرنگە و هەردوو تیپ شانازی بە بردنەوە لە یەکدی دەکەن، بۆیە هانزی فلیک دەیەوێت لە کلاسیکۆدا نازناوی لالیگا یەکلایی بکاتەوە  و ئەربێلواش خوازیارە بە بردنەوەی کلاسیکۆ بچووکترین دیاری ئەم وەرزە پێشکەشی هاندەرانی ریال مەدرید بکات، بەڵام بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پێویستە ئەمڕۆ لە ئیسپانیۆل بباتەوە.