کێشەکانی نێوان ئەلۆنسۆ و ڤینیسیۆس چۆن دەستیانپێکرد؟
رووداو دیجیتاڵ
نهێنییەکی دیکەی سەرسوڕهێنەر سەبارەت بە سەرەتای دەستپێکردنی ناکۆکییەکانی نێوان چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری پێشووی ریال مەدرید و ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەرازیلیی یانەکە ئاشکرابوو. رۆژنامەنووسێک رایگەیاند "ڤینیسیۆس لە کاتی وانەگووتنەوەیەکی ئەلۆنسۆدا خەوی لێکەوتووە".
چابی ئەلۆنسۆ لە مانگی یەکی رابردووەوە لە مەشقی یانەی ریال مەدرید دوورکەوتووەتەوە، بەڵام هێشتا مشتومڕ سەبارەت بە سەردەمی راهێنەرایەتی ئەو لەناو قەڵای میرینگێدا بەردەوامن.
چابی ئەلۆنسۆ کەوتبووە ناکۆکییەکی تووند لەگەڵ ئەستێرە بەرازیلییەکەی، ڤینیسیۆس جۆنیۆر، کە ناوبراو بە تووندی ناڕەزایەتی دەربڕی بوو بەرامبەر گۆڕینی لە یاریی کلاسیکۆی قۆناخی یەکەمی خولی ئیسپانیادا.
رۆژنامەنووس پیپی کۆلینز پەردەی لەسەر نهێنیی نوێ لاداوە سەبارەت بە سەرەتای ناکۆکی نێوان چابی ئەلۆنسۆ و ڤینیسیۆس.
کۆلینز روونی کردووەتەوە کە سەرەتای قەیرانەکان لە کاتی مۆندیالی یانەکانی 2025 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووە، لە یەکەم هەفتەکانی دەستبەکاربوونی چابی وەک راهێنەر.
ئەو رۆژنامەنووسە لەڕێگەی ڤیدیۆیەک لە چەناڵی یوتیوبەکەی ئاماژەی بەوە کردووە کە چابی وانەیەکی هونەری بۆ یاریزانانی ریال مەدرید رێکخستووە و هەندێک دیمەنی ڤیدیۆیی نیشان داون بۆ روونکردنەوەی چەند وردەکارییەکی تاکتیکی.
جەختیشی کردەوە کە ڤینیسیۆس نەیتوانیوە بەرگەی خەو بگرێت و لە کاتی وانەکەدا خەوی لێکەوتووە، تا ئەو راددەیەی هاوڕێکانی دوای ئەوەی چووەتە ناو خەوێکی قووڵەوە، بەئاگایان هێناوەتەوە.
رۆژنامەنووسەکە گوتیشی "ناتوانم بەدڵنیاییەوە بڵێم ئەم رووداوە هۆکاری دوورخستنەوەی ڤینیسیۆس بووە لە پێکهاتەکەی چابی، بەڵام سەرەتای ناکۆکییەکە بوو، هەروەها دوورخستنەوەی یاریزانێک لەوانەیە لە بەرژەوەندی تەواوی تیپەکەدا بێت".
ریال مەدرید دوای دۆڕانی جامی سوپەری ئیسپانیا، چابی ئەلۆنسۆی لە کارەکەی دوورخستەوە و بڕیاریدا ئەلڤارۆ ئەربێلوا وەک راهێنەر لە شوێنی ئەو دەستبەکار بێت.