ڤیدیۆ؛ مێسی گەڕایەوە و ئەرجەنتین خۆی بۆ دوو یاری ئامادەدەکات
رووداو دیجیتاڵ
دوای پشوویەکی درێژ و دوورکەوتنەوەی بۆ نزیکەی حەوت مانگ لە هەڵبژاردەکە، لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین جارێکی دیکە بەدرێسی هەڵبژاردەکەوە دەرکەوتەوە و خۆی بۆ دوو یاریی داهاتووی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال ئامادەدەکات.
ئەرجەنتین لە بۆینس ئایرێس خۆی بۆ هەردوو یاریی بەرامبەر چیلی و کۆڵۆمبیا ئامادەدەکات، لیۆنێل مێسی بەشداریی لە مەشقەکانی هەڵبژاردەکەدا کرد و گەڕایەوە، دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا بەهۆی پێکانی ماسوولکەکانی نەیتوانی بەشداری لە یارییەکانی هەڵبژاردەکەدا بکات.
گەڕانەوەی مێسی بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە کاتێکدا دوو رۆژ لەمەوبەر بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ و دروستکردنی دوو گۆڵی دیکە هاوکاریی ئینتەرمەیامیی کرد بۆ بردنەوەیەکی دیکە لە خولی ئەمریکادا.
ئەرجەنتین بەباشترین ئاستەوە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا دەردەکەوێت، هەڵبژاردەکە بە 31 خاڵ پێشەنگی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشووری گرتووە و سەرکەوتنی بۆ مۆندیال یەکلابووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چاوی لەوەیە ژمارەی خاڵەکانی زیاتر بکات.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر چیلی یاری دەکات، دوای چوار رۆژ لەو یارییە لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا دەکات.