بارسێلۆنا یەکەم گرێبەستی هاوینە یەکلادەکاتەوە

 

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لە یەکلاکردنەوەی یەکەم گرێبەستی هاوینە نزیکبووەتەوە و خوان گارسیا دەبێتە گۆڵپارێزی ئەو یانەیە.
 
بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەم وەرزەدا لەگەڵ یانەی ئیسپانیۆل پێشکێشیکرد، خوان گارسیا، گۆڵپارێزی یانەکە بووەتە ئامانجێکی سەرەکی یانەی بارسێلۆنا و دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە بەهێزەوە کار بۆ گواستنەوەی دەکات و میدیای ئیسپانیا دەڵێێت "گفتوگۆکان هەنگاوی باشیان بڕیووە."
 
یانەی بارسێلۆنا هەوڵەکانی بەتەواوی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە چەند کاژێری داهاتوودا، گواستنەوەی خوان گارسیا، گۆڵپارێزی یانەی ئیسپانیۆل بۆ یانەکەی یەکلابکاتەوە، رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی نزیک لە یانە کەتەلۆنییەکە ئەم هەواڵەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "هەندێک وردەکاری ماون بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی بگاتە کۆتایی و واژۆی یەکلاکەرەوە بکرێت."
 
ئەمە لە کاتێکدایە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "یانەی هیلالی سعودی داوای ئاندرێ تێرشتیگن دەکات و دەیەوێت ئەویش بباتە سعودیە."
 
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی باسی گۆڵپارێزەکەی کردووە و دەڵێت "وەرزێکی زۆرباشی هەبوو، ئەگەر لە یارییەکەدا 10 تۆپی بۆ بڕوات، لەو بڕوایەدام 8 بۆ 9 تۆپیان دەگەڕێنێتەوە."
 
گارسیا، تەمەنی 24 ساڵە، لە تیپە جیاوازەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا یارییکردووە، نرخی ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 20 ملیۆن یۆرۆ و گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی لە هاوینی 2028 کۆتاییدێت، ئەگەر بارسێلۆنا ئەو گۆڵپارێزە بگوازێتەوە، دەبێتە یەکەم گرێبەستی گواستنەوەی هاوینەی یانە کەتەلۆنییەکە.