شێرەکەی کوردستان: دەگەڕێمەوە و دەبمە میوانی رووداو
رووداو دیجیتاڵ
شێرەکەی کوردستان، ئەو پاڵەوانە گەنجەی یارییەکانی MMA کە بەمدواییە یەکەم سەرکەوتنی پێشەگەرانەی خۆی بەدەستهێنا، بە رووداوی گوت "من دەمەوێت لەمەودوا ئاستێکی بەرزتر پێشکەش بکەم و دەستکەوتی زیاترم هەبێت. هەمیشە ئاڵاو و ناوی کوردستان بەرزدەکەمەوە".
ڤیدیۆیەکی ئەم دواییەی بەیاد دەمیرکانی، پاڵەوانی کوردی هونەرەکانی شەڕ، سۆشیال میدیای تەنی کاتێک دوای بەدەستهێنانی یەکەم سەرکەوتنی پیشەگەرانەی هاواریکرد "هەر بژی کوردستان، ئازادی بۆ فەلەستین".
بەیاد دەمێرکانی، کە بە 'شێرەکەی کوردستان' ناسراوە، خەڵکی گوندی دەمیرکانی سەر بە سلێمانییە، بەڵام لە سوێد لەدایکبووە و لەوێ ژیاوە، ئەو ئێستا تەمەنی 23 ساڵە و پێشبینی دەکرێت ببێتە یەکێک لە باشترین شەڕکەرانی یاریی MMA.
بەیاد دەمیرکانی، لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو گوتی "من هەر لە منداڵییەوە وەرزشوان بوومە و حەزم بەو یارییانە بووە کە هونەری شەڕیان تێدایە".
ئەو گوتی "من بەمنداڵی قەڵەو بووم، چوومە یاریی تایکواندۆ بۆ ئەوەی کێشم دابەزێنم، ئیدی خۆشەویستی یارییە جەنگییەکان کەوتە دڵمەوە".
وەک بەیاد باسی دەکات، ئەو لە منداڵییەوە بە یاریی تایکواندۆ دەستیپێکردووە و دواتر رووی لە بۆکسینگ کردووە، ئەو گوتی "من لە تەمەنی 13 ساڵییەوە دەستم بە بۆکسینگ کرد و لە چوار یارییدا هەر چواریانم بردەوە، دواتر رووم لە MMA کرد".
بەیاد باسی ئەوەی بۆ رووداو کرد کە دایک و باوکی لەساڵی 2001 چوونەتە سوێد و ئەو لەساڵی 2002 لەوێ لەدایکبووە و لە شاری یۆتۆبۆری گەورە بووە.
دەمیرکانی باسی ئەوەی کرد کە بۆچی هەمیشە لە یارییەکانیدا ئاڵای کوردستان بەرزدەکاتەوە و دروشمی "بژی کوردستان" دەڵێتەوە و گوتی "من لە ماڵباتێکی زۆر کوردپەروەرم، کوردستان هەمیشە لای ئێمە ژمارە یەکە، من بە خۆشەویستیی کوردستان گەورەکراوم و جۆش دراوم، بۆیە بچمە هەر یارییەک و هەر بۆنەیەک بەبێ ئاڵای کوردستان ناڕۆم".
شێرەکەی کوردستان، دووپاتیکردەوە کە ئەو لە پلانیدایە رۆژ بە رۆژ زیاتر پەرە بە ئاستی بدات و بتوانێت لە باشترین شەڕکەرانی جیهان بباتەوە و گوتی "من دەمەوێت لەمەودوا ئاستێکی بەرزتر پێشکەش بکەم و دەستکەوتی زیاترم هەبێت، هەمیشە ئاڵاو ناوی کوردستان لە بۆنە جیهانییەکاندا بەرز دەکەمەوە".
بەیاد سوپاسگوزاری خوایە ئینجا باوکی و دەڵێت "گەورەترین سپۆنسەرم باوکمە، ئەو هەموو ئاسانکارییەکی بۆ رەخساندووم، هەمیشە پاڵپشتمە، کەم کاردەکەم بۆ ئەوەی کاتەکەم بۆ مەشق و راهێنەر تەرخان بکەم".
ئەو زیاتر گوتی "ئەم وەرزشە ماندووبوون و کاتی زۆری پێویستە، ئاسان نییە رۆژانە دووجار مەشق بکەی و هەفتانە 12 یان 14 جار راهێنان بکەی، بۆیە باوکم نەبووایە نەمدەتوانی ئەو کارە بکەم، سوپاس بۆ خوا، سوپاس بۆ باوکم".
دەمیرکانی لە کۆتاییدا باسی ئەوەی بۆ رووداو کرد کە زۆرجار دەگەڕێتەوە کوردستان و هەمووجارێ چەند رۆژێک لەنێو خزم و کەسوکارانی لە سلێمانی دەمێنێتەوە. دووپاتیشیکردەوە کە بەم نزیکانە سەردانی کوردستان دەکاتەوە و گوتی "کە ئەمجارە گەڕامەوە کوردستان دەبمە میوانی رووداو".