گرێبەستێکی ریال مەدرید کێشەی تێکەوت و رەنگە پەنا بباتە بەر یاریزانێکی پێشووی بارسێلۆنا

 
رووداو دیجیتاڵ

گرێبەستێکی یانەی ریال مەدرید بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەکەی بۆ مۆندیالی یانەکان و وەرزی داهاتوو کێشەی تێکەوت و گفتوگۆکانی گواستنەوەی بەشێوەیەکی کاتی راگیران.
 
ریال مەدرید دوای گواستنەوەی هەریەکە لە دین هاوسن و ئەلیکساندەر ئارنۆڵد، بەدوای یەکلاکردنەوەی گرێبەستی سێیەمدا دەگەڕێت و دەیەوێت ئەلڤارۆ کارێراس، بەرگریکاری یانەی بێنفیکا بباتە ریزەکانی، بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتنی کۆتایی لەنێوان هەردوو یانەدا نەکراوە و گفتوگۆکانی گواستنەوەی راگیران.
 
ماوەیەکی زۆرە یانەی ریال مەدرید کار بۆ گواستنەوەی ئەلڤارۆ کارێراس، بەرگریکاری یانەی بێنفیکا دەکات، بەڵام بێنفیکا دەڵێت "پێویستە هەموو پارەی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بدەیت کە 50 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام ریال مەدرید تەنیا دەیەوێت 30 ملیۆن یۆرۆ بدات."
 
میدیای ئیسپانی دەڵێت "یانەی ریال مەدرید ئامادەیە 40 ملیۆن یۆرۆ بە دوو قیست بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە بداتە یانەی بێنفیکا، بەڵام یانە پۆرتوگالییەکە بەو پارەیە رازی نییە، جگە لەوەش نایەوێت کارێراس لەگەڵ ریال مەدرید بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا بکات."
 
بەپێی زانیارییەکان "ئەگەر هاتوو ریال مەدرید لە گواستنەوەی کارێراس سەرکەوتوو نەبوو، یانەکە بیر لە گواستنەوەی ئەلیخاندرۆ گریمالدۆ، بەرگریکاری یانەی بایرلیڤەرکوزن دەکاتەوە، کە پێشتر لە تیپی دووەمی بارسێلۆنا و تیپی یەکەمی بێنفیکا یارییکردووە".
 
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدرید پێشتر لەگەڵ گریمالدۆ کاریکردووە و راهێنەر و یاریزانەکە بەتەواوی شارەزای یەکدین، بۆیەش یاریزانەکە یەکێک لە بژاردەکانی یانەی شاهانەیە لە ئەگەری شکستهێنانی لە گواستنەوەی ئەلڤارۆ کارێراس.