لیڤەرکوزن دەستەوارەیەکی خەیاڵیی بۆ ڤیرتز رەتکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی سوورە لەسەر گواستنەوەی فلۆریان ڤیرتز، ئەستێرەی یانەی بایرلیڤەرکوزن، بەڵام یانە ئەڵمانییەکە بە دەستەوارەی یانەکە رازی نییە و داوای پارەیەکی زیاتر دەکات.
یانەی لیڤەرپوول بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە لەسەر داوای ئارنێ سڵۆت، راهێنەری یانەکە ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ یانەی بایرلیڤەرکوزن لە گفتوگۆدایە و 110 ملیۆن پاوەندی بۆ دەستبەرداربوون لەو یاریزانە پێشکێشی یانە ئەڵمانییەکە کردووە، بەڵام داواکاریی یانە ئینگلیزییەکە رەتکرایەوە و لیڤەرکوزن ئامادەنییە بەو پارەیە دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت.
میدیای ئەڵمانی و بەریتانی دەڵێن، لیڤەرکوزن بۆ دەستبەرداربوون لە ڤیرتز داوای 125 ملیۆن پاوەند دەکات و نایەوێت بە کەمتر لەو نرخە دەستبەرداری ئەو یاریزانەی ببێت.
فلۆریان ڤیرتز، یەکێک لەو یاریزانانەیە راهێنەری لیڤەرپوول زۆر پێی سەرسامە و دەیەوێت لە وەرزی داهاتوودا ئەو یاریزانە لە ئانفێڵد یاری بکات، بەتایبەت کە یانەکە بەنیازە دەستبەرداری هەریەکە لە لویس دیاز و داروین نونێز ببێت.
لە ئەگەری گواستنەوەی ڤیرتز، ئەو یاریزانە دەبێتە دووەم یاریزانی لیڤەرکوزن لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا پەیوەندی بە یانەکەوە بکات، لەکاتێکدا چەند رۆژێک لەمەوبەر لیڤەرپوول بەفەرمی گواستنەوەی جێریمی فریمپۆنگی بۆ یانەکەی راگەیاندووە.
فلۆریان ڤیرتز، تەمەنی 22 ساڵە، نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا 140 ملیۆن یۆرۆیە و گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکە لە هاوینی 2027 کۆتاییدێت.
داواکردنی ئەو پارەیە زۆرە لەلایەن یانەی بایرلیڤەرکوزنەوە، لەکاتێکدایە ڤیرتز لەم وەرزەدا لەگەڵ لیڤەرکوزن ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی یاریزانەکە خواستی زۆری لەسەر بێت.