ڤیدیۆ؛ مەشقەکانی فەرەنسا بۆ لووتکەی نەیشنسلیگ

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی فەرەنسا، بەسەرکردایەتیی کیلیان ئێمباپێ خۆی بۆ یارییەکی لووتکەی قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنسلیگ ئامادەدەکات، کە رۆژی پێنجشەممە بەرامبەر ئیسپانیا یاری دەکات.
 
هەڵبژاردەکە لە کلەیرفۆنتەین دەستی بە مەشق و ئامادەکارییەکانی کرد و لە راهێنانەکاندا، هاندەرانیش ئامادەبوون بۆ بینینی یاریزانەکان لە نزیکەوە.
 
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید و گۆڵکاری ئەم وەرزەی لالیگا و خولە گەورەکانی ئەورووپا، بەشێوەیەکی ئاسایی و بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە لەنێو مەشقەکانی هەڵبژاردەکەدا دەرکەوت.
 
لە مەشقەکانی فەرەنسادا، هەریەکە عوسمان دێمبێلێ، زایر ئێمری، دێزری دۆوێ، لوکاس هێرناندێز و برادلی بارکۆلا، بەهۆی ئەوەی سەرقاڵی ئاهەنگگێڕانن لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان بەشدارییان نەکرد و چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ پەیوەندی بە مەشقەکانی تیپەکەوە بکەن.
 
فەرەنسای خاوەنی نازناوێکی نەیشنسلیگ رۆژی پێنجشەممە لە دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا بەرامبەر ئیسپانیای پاڵەوان یاری دەکات و یارییەکەیان لە شتوتگارت لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.