دیکۆ هەواڵی خۆشی بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا پێیە


رووداو دیجیتاڵ

دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، هەواڵی خۆشی بۆ هاندەرانی یانەکەی لەبارەی گرێبەستەکانی یانەکە و هێنانی یاریزانان راگەیاند، دووپاتیکردەوە کێشەی بارسێلۆنا پارە نییە.
 
بارسێلۆنا ئەمساڵ سێ نازناوی نێوخۆی ئیسپانیا (لالیگا، جامی شا و جامی سوپەری ئیسپانیا)ی بەدەستهێنا و هانزی فلیکی راهێنەری یانەکە رایگەیاند، ئامانجی وەرزی داهاتوویان چامپیۆنزلیگە.
 
دیکۆ لە نوێترین چاوپێکەوتندا، باسی لەسەرەتاکانی چوونی خۆی بۆ یانەی بارسێلۆنا وەک بەڕێوەبەری وەرزشی کردووە و دەڵێ، "بارسێلۆنام خۆشدەوێت، لەدەرەوە دۆخی یانەکەم بینی، پێموابوو دەتوانم هاوکاربم لە دروستکردنەوە و رێکخستنەوەیدا".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "متمانەی ئەوەم هەبوو کە ئەرکەکە ئاسان نییە لەسایەی دۆخی دارایی یانەکەدا، بەڵام ئێستا ئێمە لە دۆخێکداین کێشەمان پارە نییە، بەڵکو کێشەمان سیستمی یاریی خاوێنی خولی ئیسپانیایە کە لە هەمان سیستمی هاوشێوەی خۆی، لە پرێمەرلیگ و خولەکانی دیکە تووندترە".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئەوە کێشەیەکە و رووبەڕووی زۆر یانە بووەتەوە، بەڵام خەڵک تەنیا چاویان لەسەر بارسێلۆنایە چونکە یانەیەکی گەورەیە. ئێمە دەبێ هاوشان بین و کاربکەین، تێکەڵکردنی دەرچووانی لاماسیا و یاریزانانی بەئەزموون، کارێکی زۆر گرنگ بوو".
 
ئەو هەروەها دووپاتیکردووەتەوە، "باشترین یاریزانەکانمان نافرۆشین، سەرکەوتنی ماوەی رابردووی تیپەکە هەلی گەشەکردنمان باشتر دەکات".
 
دیکۆ ئاشکرایکردووە، "بارسێلۆنا شێتانە ناچێتە نێو بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانەوە، بەڵام هەوڵدەدەین دوو یان سێ، تاوەکو چوار یاریزان بگوازینەوە ریزەکانمان".
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی گرێبەستکردن لەگەڵ مارکۆس راشفۆرد و لویس دیاز کە لەماوەی رابردوودا ناویان بەیانەکەوە بەسترایەوە، ئەو دەڵێ، "فۆکەسمان لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی هەندێک یاریزانە، دواتر دۆسێی گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانانی نوێ دەخەینە بەرباس".
 
ئەو دەڵێ، "بێگومان ئەوان دوو یاریزانی زۆرباشن، بەڵام هەردووکیان گرێبەستیان لەگەڵ یانەکانیان هەیە، ئێمە رێزی یانەکان دەگرین، بەڵام کاتێک بڕیاردەدەین بچینە بازاڕی گواستنەوەوە، بێگومان ناوی گونجاو دەدۆزینەوە و پێموایە ئێمە پێویستمان بەگرێبەستکردن لەگەڵ زۆر یاریزان نییە".
 
ئەو دووپاتیدەکاتەوە، "کاتێک قسە لەگەڵ بەڕێوەبەری کاری یاریزانەکانمان و یاریزانە بەئامانجکراوەکان دەکەین، دەبینین هەمووان دەیانەوێت بمێننەوە و هەمووانیش دەیانەوێت بێنە بارسێلۆنا، ئەمە خاڵێکی گرنگە و دووپاتیدەکاتەوە، یانەکە هێشتا بەهێزە".
 
دیکۆ زیاتر دەڵێ، "شانازی بەوەوە دەکەین کە بارسێلۆنا هێشتا مەزنترین یانەی جیهانە، شێوازی یارییکردنمان وایکردووە هەموو یاریزانێک حەز بکات بێتە یانەکە".
 
لەبارەی گرێبەستەکانی ریال مەدرید و گۆڕانکارییەکانی ئەو یانەیەوە کە رکابەری سەرەکیی بارسێلۆنایە، دیکۆ دەڵێ، "وەرزی داهاتوو ئاسان نابێت، لەبەرئەوەی ریال مەدرید زۆر یاریزانی ناوازەی هەن".
 
هەروەها دەڵێ، "بەبڕوای من ئەوان تیپێکی گەورە و یاریزانی نایابیان هەیە، زۆر گرنگە ناوە گەورەکان لەلالیگا بن، ئەمە ئەو شتەیە کە هاندەران دەیانەوێت".
 
دیکۆ دانبەڕاستییەکدا دەنێت و دەڵێ، "ئێمە پێویستمان بەوە هەیە ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید لە بەرزترین ئاستدابن، تاوەکو ئێمەش لە هەمان ئاستدا بمێنینەوە".