لامین شەڕێکی گەورە لە ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنادا دەنێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

لامین یامال بەهۆی داواکارییەکی لەدوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و چەند ئەستێرەیەکی تووڕە دەکات، چونکە ئەستێرە پۆڵەندییەکە و هەندێک لە یاریزانانی دیکەی بارسا ئەوی بۆ لامین کراوە بەزیادەڕوویی دەزانن.
 
نوێکردنەوەی گرێبەستی لامین یامالی ئەستێرەی گەنجی بارسێلۆنا مشتومڕێکی زۆری لەناو ژووری جلگۆڕینی تیپەکەدا هەڵگیرساندەوە، بەهۆی ئەو مەرجە داراییە گەورەی کە لەخۆی دەگرێت، کە ژمارەیەک لە ئەستێرەکانی تیپەکە بە ناهاوسەنگی دەزانن، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی تەمەنی یاریزانەکە و ئەزموونە کەمەکەی. 
 
هەرچەندە مووچەی بنەڕەتی یامال 8 ملیۆن یۆرۆی بێ باجە لە ساڵێکدا، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەم رێژەیە لە وەرزەکانی داهاتوودا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە، ئەمەش بەندە بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری و ئامانجەوە.
 
بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، کۆمەڵێک مەرج هەن کە بریتین لە تۆمارکردنی ژمارەیەکی دیاریکراو لە گۆڵ و پێشکێشکردنی ئەسیست، جگە لە دەستکەوتی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ، کە بەهۆیانەوە دەکرێت کۆی داهاتەکەی بۆ زیاتر لە 25 ملیۆن یۆرۆ لە وەرزێکدا بەرزبکاتەوە ئەگەر ئەم مەرجانە جێبەجێ بکات، ئەمەش وایکردووە ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانانی بارسا ئەمە بەزیادەڕوویی دەزانن.
 
لەنێو ئەوانەی زۆر تووڕەن لەم دۆخە، ئەستێرەی بەرازیلی رافینیایە، کە بەم دواییە گرێبەستەکەی نوێکردەوە بەمەرجە داراییە کۆنەکانی. هەروەها فرێنکی دی یۆنگ کە بەردەوامە لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ کارگێڕیی یانەکە لەسەر درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو دوای ساڵی 2026، ئەمەش لەکاتێکدایە کە گوشارەکان بۆ کەمکردنەوەی مووچەکەی بەردەوامن.
 
بەڵام گەورەترین تووڕەیی لە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری تیپی یەکەمەوە هاتووە، کە هەست دەکات پێشێلکارییەک لە پلەبەندی یانەکەدا روویداوە. 
 
هێرشبەرە پۆڵەندییە تەمەن 36 ساڵەکە هێشتا خۆی بەیەکێک لە پایە گرنگەکانی تیپەکە دەزانێت و گۆڵکاری ئەم وەرزەی بارسێلۆنایە بەتۆمارکردنی 42 گۆڵ لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی پێکانەوە چەند هەفتەیەک لە یاریگاکان دوورکەوتەوە.
 
ئەوەی بەتایبەتی لیڤاندۆڤسکی تووڕە کردووە بڕگەیەکی تایبەتە لە گرێبەستە نوێیەکەی لامین یامالدا، کە تێیدا هاتووە کە لە وەرزی داهاتووەوە لامین دەبێتە جێبەجێکاری یەکەمی لێدانەکانی سزا. ئەم بڕیارە لەلایەن خوان لاپۆرتای سەرۆک و دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی پەسەندکرا. ئەم بڕیارە بەشێوەیەکی کاریگەر بەرپرسیارێتی جێبەجێکردنی لێدانی سزا لە لیڤاندۆڤسکی دەسەنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی بە یەکێک لە باشترین جێبەجێکارانی لێدانی سزا دادەنرێت.
 
پێدەچێت ئەم بڕیارە گرژییەکانی ناو تیپەکە زیاد بکات، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی هانزی فلیکی راهێنەر، کە دەبێت ژووری جلگۆڕین هاوسەنگ بکاتەوە و سەقامگیری مسۆگەر بکات لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆژە نوێیەکەی.