میلان لە گواستنەوەی ئەستێرەیەکی سوپەر نزیکبووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی بەتەواوی لە گواستنەوەی ئەستێرەیەکی بەنێوبانگ و دیاری تۆپی پێ نزیکبووەتەوە و راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانیش دەڵێن، یاریزانەکە بە پەیوەندیکردن بە یانەکەوە نزیکبووەتەوە.
 
یانەی ئەیسی میلان هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی لوکا مۆدریچ، ئەستێرەی کرواتی و پێشووی یانەی ریال مەدرید دەستپێکردووە و ئیگلی تارێ، بەڕێوەبەری وەرزشیی نوێی یانەی میلان خەون بە گواستنەوەی یاریزانەکەوە دەبینێت و لە دەستپێکردنی کارکردنیدا لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکە داوای ئەو یاریزانەی کردووە.
 
دوای رۆیشتنی لە یانەی ریال مەدرید لوکا مۆدریچ، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی لەبارەی داهاتووی خۆیەوە نەداوە، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیتاڵیا دەڵێن، مۆدریچ بە یانەی میلانی گوتووە، بەڵێ، ئامادەم پەیوەندی بە یانەکەوە بکەم.
 
رۆژنامەی توتۆ سپۆرتی ئیتاڵی دەڵێت "لوکا مۆدریچ لە بڕیاردان لەبارەی پەیوەندیکردن بە یانەکەوە رەزامەندیی هاوژین و منداڵەکانیی پێویستە، بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی چوونی بۆ یانەکە بدات."
 
هەوڵەکانی میلان بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە لەکاتێکدایە، تیجانی ریندەرز، ئەستێرەی هۆڵەندی و یانەکە نزیکە پەیوەندی بە یانەی مانچێستەر سیتییەوە بکات.
 
لوکا مۆدریچ تەمەنی نزیکەی 40 ساڵە و لە یارییکردن بەردەوامە، ئەستێرە کرواتییەکە کۆتایی ئەم وەرزە دوای 13 ساڵ یارییکردن و بردنەوەی 28 نازناو لەگەڵ یانەی ریال مەدرید ریزەکانی ئەو یانەیەی بەجێهێشت.