ئونس جابر: بۆ ویمبڵدن ئامادەم

03-07-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئونس جابر پاڵەونێتی ویمبڵدن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئونس جابر، خانمە تێنسزانی تونسی، ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی تێنسی ویمبڵدن دووپاتکردەوە و گوتی "سوود لە ئەزموونی ساڵی رابردووم وەردەگرم، کە گەیشتمە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە". گوتیشی "گوشارم لەسەرە، بەڵام بەرگەی دەگرم".
 
ئەمڕۆ پاڵەوانێتی تێنسی سەر زەوی ویمبڵدن دەستیپێکرد، بە بەشداری 128 تێنسزانی پیاو و 128 خانمە تێنسزان، کە یەکێکیان ئونس جابرە.
 
ئونس جابر، خانمە تێنسزانی تونسی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، باسی ئامادەیی خۆی بۆ پاڵەوانێتییەکە کرد و گوتی "دووبارە گوشارەکان گەڕاونەتەوە، خەڵک لە ئێستاوە باس لەوە دەکەن کە من ساڵی رابردوو لە یاریی کۆتاییدا بووم. هەوڵدەدەم مامەڵە لەگەڵ گوشارەکان بکەم، ئەوە شتێکی باشە کە بایەخم پێدەدرێت". 
 
ئەو گوتیشی "من گەیشتوومەتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکی گەورە، ئەوە شتێکی خراپ نییە، زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشە، بەڵام ئەوکات بەو شێوەیە سەیرم نەدەکرد، چونکە دەمویست نازناوەکە بەدەستبهێنم. بەڵام بوون لە یاریی کۆتایی زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشە". 
 
خانمە تێنسزانە تونسییەکە، زیاتر گوتی "دەمەوێ سوود لەو ئەزموونەی ساڵی رابردوو و گوشارەکان وەربگرم بۆ ئەوەی کاری باشتر بکەم، بەڵام دیسانەوە دەیڵێمەوە ئامانجی سەرەکیم چێژوەرگرتنە لە یاریکردن لەسەر چیمەن. لەوانەیە بتوانم یادەوەری باشتر لە ساڵی رابردوو یان ساڵی پێشووتر دروست بکەم".
 
ئونس لە کۆتاییدا گوتیشی "هەمیشە بە باشترین شێوە و بەتەواوی توانامەوە ئامادەم، قۆناخی یەکەم زۆر قورسە، بۆیە رۆژ بە رۆژ ئەو کارە دەکەم، بەباشی راهێنانم کردووە و هیوادارم بتوانم لەم ئاستەدا لە یارییەکاندا بەردەوام بم".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە