دیۆگۆ جۆتا لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەستێرەی بەنێوبانگی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی دیۆگۆ جۆتا، لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لەدەستدا.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، هێرشبەری یانەی لیڤەرپوول و هەڵبژاردەی پۆرتوگال، لە رووداوێکی هاتووچۆدا کۆچی دواییکرد.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی نووسیوویەتی "رووداوەکە لە نزیک شارەوانیی پاڵاسیۆس دی سانبریا لە پارێزگای زامۆرای ئیسپانیا روویداوە و یاریزانەکە دەستبەجی گیانی لەدەستداوە."
 
بەپێی زانیارییەکان، جۆتا و ئاندرێی برای بەیەکەوە بوون کە ئەویان تەمەنی 26 ساڵە و خۆیشی یاریزانی تۆپی پێیە، هەردووکیان لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
 
یانەی لیڤەرپوول لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا هەواڵەکەی راگەیاند و نووسیوویەتی " هەواڵی گیان لەدەستدانی دیۆگۆ جۆتای 28 ساڵ بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لەگەڵ براکەی رادەگەیەنین."
 
یانە ئینگلیزییەکە نووسیوویەتی "لیڤەرپوول هیچ لێدوانێکی دیکە لەبارەی رووداوەکەوە نادات. داوای رێزگرتن لە تایبەتمەندیی دیۆگۆ و ئاندرێ، هاوڕێکانیان و فەرمانبەرانی یانەکە دەکات. هەمووان هەوڵدەدەین ئەم لەدەستدانە قورسە تێپەڕێنین. 
 
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەیدا لیڤەرپوول دەڵێت "بەردەوام دەبین لەپشتگیریی تەواومان بۆیان."
 
رووداوەکە چۆن بووە؟
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دیۆگۆ جۆتا و ئاندرێی برای لە نزیک شارەوانیی پالاسیۆس دی سانبریای پارێزگای زامۆرای ئیسپانیا، بەیەکەوەبوون و بە رێگەیەکدا رۆیشتوون و کە خێرای تێیدا لە کاژێرێکدا 65 کیلۆمەترە و لەسەر رێگەی A-52 رووداوەکە روویداوە.
 
ئۆتۆمبێلی دیۆگۆ جۆتا، لە جۆری لامبۆرگینی بووە، لە شەقامەکە چووەتە دەرەوە، تایەی تەقیووە و دەستبەجێ ئۆتۆمبێلەکە گڕی گرتووە و هەردوو براکە هیچ هەلێکی رزگارکردنیان بۆ نەماوەتەوە.

پەیامی کریستیانۆ رۆناڵدۆ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگال و یانەی نەسڕ پەیامێکی دڵتەزێنی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی " هیچ مانایەکی نییە. هەر ئێستا پێکەوە بووین لە هەڵبژاردە، هەر ئێستا هاوسەرگیریت کردبوو. سەرەخۆشیی خۆم ئاڕاستەی ماڵباتەکەت، هاوسەرەکەت و منداڵەکانت دەکەم، و هیوای هەموو هێزێکی دنیایان بۆ دەخوازم. دەزانم کە هەمیشە لەگەڵیان دەبیتبە ئارامی بحەوێنەوە، دیۆگۆ و ئاندرێ."
 
رۆناڵدۆ لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیوویەتی " هەموومان بیرتان دەکەین."


 
یانەی ریال مەدرید راگەیێنراوێکی فەرمیی بڵاوکردەوە و سەرەخۆشی لە نزیکەکانی دیۆگۆ جۆتا و ئاندرێ سیلڤای برای دەکات.
 
ریال مەدرید لە راگەیێنراوەکەیدا نووسیوویەتی "یانەی ریال مەدرید، سەرۆکی یانەکە و دەستەی کارگێڕیی ریال مەدرید، هاوخەمی قووڵی خۆیان بۆ کۆچی دوایی دیۆگۆ جۆتا، یاریزانی لیڤەرپوول و ئاندرێ سیلڤای برای یاریزانی یانەی بینافیل رادەگەیێنین."
 
ریال مەدرید دەڵێت "سەرەخۆشی و هاوسۆزی دڵسۆزانە و هاوخەمی ئاراستەی ماڵباتەکەی و ئازیزانی و هاوڕێکانی و یانەکانیان دەکەین."
 
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی راگەیێنراوێکی بەبۆنەی گیان لەدەستدانی دیۆگۆ جۆتا، ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوول بڵاوکردەوە و هاوخەمیی خۆی راگەیاند.
 
بارسا لە راگەیێنراوەکەیدا نووسیوویەتی " یانەی بارسێلۆنا پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆی دەردەبڕێت بەبۆنەی کۆچی دوایی یاریزانی یانەی لیڤەرپوول، دیۆگۆ جۆتا و براکەی، ئاندرێ. رۆحیان شاد بێت و بە ئارامی بحەوێنەوە."
 


دیۆگۆ جۆتا، تەمەنی 28 ساڵە، یاریزانی هەڵبژاردەی پۆرتوگالە، لە ریزەکانی هەڵبژاردەکەدا 49 یارییکردووە و 14 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
لەسەر ئاستی یانەکان یاریزانەکە لە یانەکانی پاکۆس دی فێرێرا، ئاتلێتیکۆ مەدرید، پۆرتۆ، ولڤەرهامپتۆن و لیڤەرپوول یارییکردووە.
 
جۆتا لە دایکبووی 4-12-1996ـە و لە پۆرتۆ لە دایکبووە، ئەمڕۆ لە تەمەنی 28 ساڵیدا گیانی لەدەستدا.
 
گیان لەدەستدانی دیۆگۆ جۆتا، لە کاتێکدایە یاریزانەکە 5 رۆژ لەمەوبەر ئاهەنگی چوونە نێو ژیانی هاوژینیی گێڕا.




یانەی پۆرتۆی پۆرتوگالی کە پێشتر جۆتا و براکەی یاریی بۆ کردوون، لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "یانەی پۆرتۆ لە ماتەمینیدایە، بە شۆک و پەشیمانییەکی قوڵەوە پرسە و سەرخۆشییەکی دڵسۆزانەمان ئاراستەی بنەماڵە و هاوڕێیانی دیۆگۆ جۆتا و ئاندرێ سیلڤای برای دەکەین، کە هاوکات یاریزانی لاوانی ئێمە بوو."
 
پۆرتۆ لە کۆتایی راگەیێنراوەکەیدا نووسیوویەتی "بەر بەزەیی خوا بکەون."
 




فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و ماتەمینیی بەبۆنەی گیان لەدەستدانی دیۆگۆ جۆتا و ئاندرێ سیلڤای برای راگەیاند.
 
فیدراسیۆنەکە دەڵێت "کۆچی دوایی دیۆگۆ و ئاندرێ زیانێکی قەرەبوو نەکراوە بۆ تۆپی پێی پۆرتوگال و بۆ ئێمەش، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ رێزگرتن لە میراتەکەیان.
 



 
یانەکان لەسەر ئاستی ئینگلتەرا و ئەورووپا بەبۆنەی گیان لەدەستدانی یاریزانەکەوە سەرەخۆشی ئاراستەی یانەی لیڤەرپوول و هاوڕێکانی یاریزانەکە دەکەن.
 
یانەی مانچێستەر سیتی وێنەیەکی دیۆگۆ جۆتا و بێرناردۆ سیلڤای بەیەکەوە داناوە و نووسیوویەتی " هەمووان لە یانەی مانچستەر سیتی تووشی شۆک و دڵتەنگ دەبن کاتێک هەواڵی وێرانکەر سەبارەت بە کۆچی دوایی دیۆگۆ جۆتا دەزانن."
 
یانەکە دەڵێت "لە دڵەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەکەی و هاوڕێکانی و هەموو لایەک دەکەین لە یانەی لیڤەرپوول لەم کاتە سەختەدا. بە ئارامی پشوو بدە دیۆگۆ."
 
 
لەلایەن خۆیەوە یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی راگەیێنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "پرسە و سەرەخۆشی قوڵمان لەگەڵ خۆشەویستانی دیۆگۆ جۆتا و ئاندرێی برای، هەموو ئەوانەی پەیوەندییان بە لیڤەرپوولەوە هەیە."
 
یانەی چێڵسی بە هەمان شێوە سەرەخۆشی لە لیڤەرپوول دەکات و دەڵێت "هەمووان لە چێڵسی وێران دەبن کاتێک ئاگاداری کۆچی دوایی دڵتەزێنی دیۆگۆ جۆتا و ئاندرێی برای دەبن."
 
یانە لەندەنییەکە نووسیوویەتی "بیرکردنەوەکانمان دەچێتە سەر ماڵبات، هاوڕێکانی و هەمووان لە لیڤەرپوول لەم کاتە سەختە باوەڕنەکراوەدا."