رووداو هەولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دوایین گەڕی خولی یانە نایابەکانی عێراق، یانەی موسڵ کاژێر 17:00 لەنێو یاریگەی ئاکرێ میوانداریی یانەی مەسافی جنوب دەکات، موسڵ دەیەوێت بەپاڵپشتی هاندەرانی بلیتی گەیشتن بە خولی ئەستێرەکانی عێراق ببڕێت و ئاهەنگ بگێرێن.
یانەی موسڵ وەرزی ئەمساڵ دوای نۆ ساڵ دابڕان گەڕایەوە نێو رکابەرییەکان و دەیەوێت بگەڕێتەوە خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئێستا تیپەکە بەکۆکردنەوەی 67 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندیی خولی نایابی عێراقە و بەبردنەوەی دوایین یاری راستەوخۆ بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق سەردەکەوێت.
رائید عوبەیدی، سەرۆکی یانەی وەرزشیی موسڵ لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو گوتی "ئێمە بە هەموو شێوەیەک بۆ یارییەکە ئامادەین و دەمانەوێت دڵی هاندەرانمان خۆش بکەین، موسڵ دەبێت وەرزی داهاتوو یەکێک بێت لە ناوەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق".
چاوەڕواندەکرێت یاریگەی ئاکرێ پڕ بێت لە هاندەرانی یانەی موسڵ، لەبەرئەوەی یانەی موسڵ خەرجی هاتوچۆی هاندەرانی گرتووەتە ئەستۆی خۆی.
لە ریزی یانەی موسڵ هەریەک لە سۆران عەزیزی هێرشبەر کە بە تۆمارکردنی 10 گۆڵ و 6 ئەسیست باشترین گۆڵکاری یانەکەیە، لەگەڵ ئەمیر رۆژبەیانی کە بەرگریکارە و شەش ئەسیستی هەیە، دوو ئەستێرەی کوردی کاریگەر هەن.
ئەمیر رۆژبەیانی، یاریزانی یانەی موسڵ لەبارەی یارییەکەیان روونیکردەوە "خەڵکی موسڵ شایستەی سەرکەوتنن. شایستەی ئەوەن دڵخۆش بن، هەموو توانامان دەخەینە گەڕ و دەجەنگین لەپێناو سێ خاڵی یارییەکە، من خەڵکی هەولێرم و هەست ناکەم بێگانەم لە شاری موسڵ، پەنابەخوا وەرزی داهاتوو لە خولی ئەستێرەکان یاری دەکەین".
یانەی موسڵ لە 1947 دامەزراوە، شوێنی پێگەیاندنی دەیان یاریزانی ئاستبەرز بووە، هاوار مەلا محەممەد ئەستێرەی سەردەمی زێڕینی هەڵبژاردەی عێراق لەو یانەیەوە دەرکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ