زاواکەی هوڵک هۆگن: خەزوورم پێش مردنی ئامادە نەبوو نەوەکانی ببینێت

رووداو دیجیتاڵ

ستیڤن ئۆلێسکی، زاوای هوڵک هۆگنی ئەفسانەی کۆچکردووی زۆرانبازی، ئاشکرای دەکات کە خەزووری پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات، هیچ ئارەزوویەکی نەبووە بۆ بینینی منداڵە دووانەکەی کچەکەی، برۆک هۆگن.
 
ئۆلێسکی کە یاریزانێکی پێشووی هۆکی سەهۆڵە، رایگەیاندووە کە پەیوەندیی نێوان هوڵک و کچەکەی برۆک ئاڵۆز بووە. ئەو دەڵێت دوای لەدایکبوونی منداڵە دووانەکەیان، هەوڵیداوە پەیوەندی بە هۆگنەوە بکات، بەڵام هۆگن هیچ گرنگییەکی بە بینینی نەوەکانی نەداوە.
 
ئەم لێدوانە لەکاتێکدایە کە برۆک هۆگن، کچە گەورەی هۆگن، بۆ ماوەی چەند ساڵێک پەیوەندی لەگەڵ باوکیدا باش نەبوو. ستیڤن ئۆلێسکی دەڵێت "سەرباری ناکۆکییەکان، برۆک هەمیشە لەکاتی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی باوکیدا لەلای بووە و لەسەر ئەرکی خۆی سەردانی کردووە، چونکە هیچ کەسێک هێندەی ئەو لە بارەی تەندروستیی باوکی تێنەدەگەیشت".
 
برۆک هۆگن، دوای ماوەیەک لە بێدەنگی، لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ماتەمینیی خۆی بۆ کۆچی دوایی باوکی دەربڕی.
 
هوڵک هۆگن، زۆرانبازی ئەفسانەیی و ئەکتەر لە 24ـی تەمموزی 2025 لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
 
هۆگن، که ناوی راستەقینەی تێری بۆلیایە، لەماڵەکەی خۆی لە فلۆریدا تووشی جەڵتەی دڵ بوو، هەرچەندە گەیێندرایە نەخۆشخانە، بەڵام گیانی لەدەستدا.
 
هۆگن بەنێوبانگترین ئەستێرەی مێژووی پێنج دەیەی WWEیە، کە بە سمێڵە گەورەکانی و ئەو پەڕۆە رەنگاوڕەنگەی کە لەسەری دەبەست جیادەکرایەوە.