دەستنیشانکردنی سەرەتایی بۆ پێکانەکەی مێسی کرا

رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەستنیشانکردنی سەرەتایی پێکانەکەی لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی، ئەستێرەی ئینتەرمەیامییان ئاشکرا کرد، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی نیکاکسای مەکسیکی لە چوارچێوەی جامی خولەکاندا تووشی بوو.
 
یانەی ئینتەرمەیامی بە لێدانی یەکلاکەرەوە و بەئەنجامی 5-4 سەرکەوتنی بەسەر نیکاکسای مەکسیکیدا بەدەستهێنا، دوای ئەوەی کاتی ئاسایی یارییەکە بە یەکسانبوون و بە دوو گۆڵ بۆ هەر لایەک کۆتایی هات، ئەمەش لە گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی خولەکاندا بوو.
 
مێسی تووشی پێکان بوو لە ماسولکەی دواوەی رانیدا؛ ئەمەش ناچاری کرد لە خولەکی یازدەیەمی یارییەکەدا یاریگاکە جێبهێڵێت.
 
یاریزانە تەمەن 38 ساڵانەکە وا دەرکەوت کە چارەسەری بۆ بەشی سەرەوەی قاچی راستی یان ناوچەی رانی دەکرێت، پێش ئەوەی بەتەنیا و بەبێ هاوکاری یاریگاکە جێبهێڵێت و بەرەو ژووری جلگۆڕین بڕوات.
 
دۆخەکەی سەرەتا وا لێکدرایەوە کە لیۆ لە ماسوولکەی دواوەی رانیدا هەست بە ئازار دەکات.
 
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی MiamiHerald پێشبینییە سەرەتاییەکان ئاماژە بە پێکان دەکەن لە بەشی سەرەوەی ماسوولکەی دواوەی رانی راستیدا، کە لانیکەم پێویستی بە مانگێک چارەسەر دەبێت.
 
پێکانەکانی ماسوولکەی دواوەی ران بەوە ناسراون کە لە 3 قۆناخ پێکدێن؛ لە قۆناخی یەکەمدا یاریزانەکە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتە دووردەکەوێتەوە، لە قۆناخی دووەمدا چوار بۆ شەش هەفتە دووردەکەوێتەوە، بەڵام ئەگەر لە قۆناخی سێیەمدا بێت کە دڕانی تەواوی ماسوولکەکەیە، ئەوا دوورکەوتنەوەکەی لانیکەم سێ مانگ دەخایەنێت.
 
خاڤیێر ماسکیرانۆ، راهێنەری ئینتەرمەیامی، دوای یارییەکە گوتی "مێسی هەستی بە نائارامییەک کردووە، تاوەکو سبەی ناتوانین راددەی مەترسیی پێکانەکەی دیاری بکەین".
 
هەروەها گوتی "لەوانەیە شتێکی مەترسیدار نەبێت، چونکە هەستی بە ئازارێکی تووند نەکردووە، بەڵکو هەستی بە گرژییەک کردووە".
 
مێسی بە تۆپەکەوە دەستی بەڕاکردن کرد و چووە نێو ناوچەی بەرگریی یانەی نیکاکسا، بەڵام لەسەر ناوچەی سزا بەریەککەوتنی لەگەڵ بەرگریکار ئەلێکسیس پێنیا هەبوو، پاشان کەوتە سەر زەوی.
 
دوای چەند ساتێک لیۆنێل مێسی، کاپتنی ئینتەرمەیامی بەتەنیا لە نزیک هێڵی تەنیشتی چەپ لە ناوەڕاستی یاریگادا لەسەر زەوی دانیشت، پێش ئەوەی بۆ ماوەیەک لەسەر پشتی پاڵبکەوێت تاوەکو ستافی پزیشکی گەیشتن بۆ پێشکێشکردنی چارەسەر.
 
مێسی لە مانگی ئاداری رابردوودا لە کاتی پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، کێشەی لە رانیدا هەبوو.
 
ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە وەرزێکی نایاب لە خولی ئەمریکیدا پێشکێش دەکات، کە تاوەکو ئێستا لە تەنیا 18 یارییدا 18 گۆڵی تۆمارکردووە و 9 گۆڵی دیکەی دروستکردووە.
 
لە یاریی کردنەوەی جامی خولەکانیشدا، کە پێنجشەممەی رابردوو ئینتەرمەیامی بەئەنجامی 2-1 لە ئەتڵەسی مەکسیکی بردەوە، لیۆ هەردوو گۆڵەکەی یانەکەی دروست کرد.
 
ئینتیەرمەیامی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو بەڕووبەڕووبوونەوەی یانەی پوماسی مەکسیکی کۆتایی بە قۆناخی کۆمەڵەکانی پاڵەوانێتییەکە دێنێت.
 
لیۆنێل مێسی دوای پەیوەندیکردنی بە یانە ئەمریکییەکەوە، لەساڵی 2023 سەرکردایەتی ئینتەرمەیامی کرد بۆ بردنەوەی یەکەم نازناوی جامی خولەکان.