هیندستان بە کۆنسێرتی 'باشترینی مێژوو' پێشوازی لە مێسی دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی ئینتەرمەیامی بەسەردانێک دەچێتە هیندستان و چاوی بە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دەکەوێت.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئەرجەنتین و هیندستان، لیۆنێل مێسی بە سەردانێکی سێ رۆژە لە مانگی کانوونی یەکەمدا دەگاتە هیندستان. لە ماوەی مانەوەیدا لەنێوان 12 بۆ 15ـی کانوونی یەکەم، کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی ئینتەرمەیامی، سەردانی شارەکانی کۆلکەتا، ئەحمەدئاباد، مومبای و نیودێلهی دەکات.
 
لەو سەردانە سێ رۆژییەیدا بۆ ئەو وڵاتە، چاوەڕواندەکرێت مێسی چاوی بە نارێندرا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان بکەوێت و دیدار لەگەڵ هەڵبژاردەی تۆپی پێی هیندستان و یاریزانە گەورەکانی وەک سۆنیل چێتری و بایچونگ بوتیا ئەنجام بدات.
 
بۆ پێشوازییەکی شاهانە و رێزلێنان لە لیۆ، سێ "کۆنسێرتی GOAT" (کورتکراوەی: گەورەترینی هەموو کاتەکان) لە کۆلکەتا، مومبای و نیودێلهی رێکخراون و لە ئێستاوە هاندەرانی تۆپی پێ لە هیندستان بە تاسەوە چاوەڕێی لیۆ دەکەن.
 
دوای گەیشتنی بە کۆلکەتا، براوەی هەشت جاری خەڵاتی باڵۆن دۆر، پەردە لەسەر پەیکەرێکی  خۆی لە شارەکەدا لادەدات کە نزیکەی 21 مەترە، پێش ئەوەی بچێتە یاریگای ناوداری "ئیدن گاردنز" بۆ بەشداریکردن لە کۆنسێرتی GOAT و دواتریش "جامی GOAT". ئەم جامە بریتی دەبێت لە یارییەکی حەوت-کەسی بە تۆپی نەرم و شێوازێکی سادە، بە بەشداریی سۆرەڤ گانگولی، جۆن ئەبراهام، بایچونگ و لیاندەر پێس.
 
ماماتا بانەرجی، سەرۆک وەزیرانی ویلایەتی بەنگالی رۆژئاوا، کە بە هەوادارێکی گەورەی مێسی ناسراوە، لە یاریگای ئیدن گاردنز رێز لە مێسی دەنێت و پێشوازی لە ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە دەکات.
 
ئێوارەی 13ـی کانوونی یەکەم، مێسی دەگاتە ئەحمەدئاباد بۆ بەشداریکردن لە بۆنەیەکی تایبەتی "دامەزراوەی ئادانی" لە بارەگای سەرەکییان لە شانتیگرام. 
 
رۆژی دواتر، مێسی لە مومبای دەبێت بۆ دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ هەواداران لە سەنتەری CCI و دیدارەکە دوای نیوەڕۆ دەبێت، پاشانیش کۆنسێرتی GOAT و جامی GOAT لە یاریگای وانکێدێ لە کاژێر 17:30 بەڕێوەدەچێت.
 
هەروەها پێشبینی دەکرێت مێسی لە مومبای چاوی بە کەسایەتییە گەورەکانی هیندستان وەک ئێم. ئێس. دۆنی، ڤیرات کۆهلی، ساچین تێندولکار، چێتری و ئەوانی دیکە بکەوێت. هەروەها ئامادەکاری دەکرێت بۆ دیداری ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە لەگەڵ هەڵبژاردەی تۆپی پێی هیندستان لەوێ.
 
چاوەڕواندەکرێت دوایین دیداری لیۆنێل مێسی لە گەشتەکەیدا بۆ هیندستان لە رۆژی 15ـی کانوونی یەکەم لە نیودێلهی بێت کاتێک لەگەڵ نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە، پاشانیش لە یاریگەی فیرۆز شا کۆتلا بەشداری لە کۆنسێرتێکی دیکەی  GOAT و جامی GOATـدا دەکات.